سەردێڕ:

ئۆزبەگستان ٦٤ منداڵى داعشى لە عێراق وەرگرتەوە

فۆتۆ: 
2019-10-11

1321 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى دەرەوەى ئۆزبەگستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ٦٤ منداڵى داعشیان لە عێراقەوە گەڕاندۆتەوە کە دایک وباوکیان لەلایەن دادگاکانى ئەو وڵاتەوە سزاى هەتا هەتاییان بە سەردا دراوە.

لە راگەیەنراوێکى وەزارەتى دەرەوەى ئۆزبەگستاندا هاتووە،" شەوى رابردوو منداڵەکان بە فرۆکەیەک لە عێراقەوە گەیەنراونەتە فرۆکەخانەى تەشقەندى پایتەختى ئۆزبەگستان".

ئاماژەبەوەشکراوە، دایک وباوکى ئەو منداڵانە چەکدارى داعش بوون و بەهەوڵى هەردوو وڵات و ڕێکخراوى یونسێفى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان توانرا ئەو منداڵانە بگەرێندرێنەوە بۆ وڵاتى خۆیان.

بەپێى راگەیەنراوەکە، منداڵەکان تەمەنیان لە نێوان( ٣ بۆ ١٤ ساڵاندایە) و روبەروى گرفتى برسێتى و نەخۆشى دەرونى و جەستەیى بوونەتەوە.

باسى ئەوەش کراوە، منداڵەکان لە ئۆزبەگستان لە خانوى تایبەتدا دەبن و تیمى تایبەتى تەندروستى و پزیشکى پسپۆر بەردەوام لەگەڵیاندا دەبن.

تا ئێستا هەر سێ وڵاتى کازاخستان و ئۆزبەگستان وتاجیکستان هاوڵاتیانى خۆیان لە ریزەکانى داعش لە عێراق و سوریا وەرگرتۆتەوە.

هاوکات وڵاتى قیرغزستانیش ڕایگەیاندووە، لە ئایندەیەکى نزیکدا هاوڵاتییانى خۆی لە عێراق دەگەڕێنێتەوە.

ئۆزبەگستان لە ئایارى رابردوودا ١٥٦ هاوڵاتى خۆى لە عێراق گەڕاندەوە و بەوەش تا ئێستا ئەو وڵاتە ٢٣٥ کەسى گەڕاندۆتەوە.

دواى نەمانى داعش لە عێراق و سوریا ژمارەیەکى زۆر لە چەکدارانى داعش و خێزان و منداڵەکانیان لە بەندینخانەکانى عێراق و سوریادان و کە بەشێکیان خەڵکى وڵاتانى بیانین و هەوڵى گەڕانەوەیان دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە وڵاتانى ئەوروپا و خۆرئاوا لەگەڵ گەڕانەوەى ئەو چەکدارانە و خانەوادەکانیان نین.