سەردێڕ:

ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی: تا دێت پشتیوانی پارتی کۆماریی بۆ سەرۆکی ئەمریکا کەمدەبێتەوە

فۆتۆ: 
2019-10-11

8894 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی بلومبێرگ وتاری ڕۆژنامەنوسێکی بەناوی دانیاڵ فلاتلی بڵاوکردووەتەوە کە باس لەوەدەکات، لەدوای بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە، تا دێت پشتیوانی پارتی  کۆماری بۆ سەرۆکی ئەمریکا کەمدەبێتەوە.

ڕۆژنامەنوسەکە باسی لەوەکردووە، چارەنوسی کەمەنەتەوەی کورد لە دووری شەش ھەزار میلەوە، پشتیوانی کۆمارییەکانی بۆ دۆناڵد ترەمپ تاقیکردەوە، کە ئەمە قورسترین تاقیکردنەوە بوو بەراورد بە ھەر ھەڵەیەکی پێشتری سەرۆک کە کردبێتی، یاخود ھەر ھەواڵێکی ئابڕوبەر کە لەبارەیەوە ھەبووبێت.

دانیاڵ فلاتلی ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا دەرگای کردەوە بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد لەلایەن تورکیاوە. ھاوکات ئەندامانی ھەردوو پارت دیموکراتی و کۆمارییەکانی نیگەرانکرد و تەنانەت ئەوانەشی کە لە دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانییان لە ترەمپ دەکرد نیگەرانبوون، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە لە بەھا ستراتیجییەکانی کوردی ھاوپەیمانیان تێدەگەن و ترسیان لە چارەنوسی کوردە کریستیانەکانیش ھەیە.

یەکێک لەو کەسانەی لە کۆنگرێس نیگەرانی نیشانداوە، جۆن شیمکەس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە لە سەر پشکی ویلایەتی ئیلینۆیس کە ڕۆژی سێشەممە وتی "من دڵم شکا بەو بڕیارە قێزەونە"، ئەو ئەندامە باسی لەوەشکرد کە پەیوەندی بە سەرۆکی ستافەکەی لە دی سی کردووە و پێی وتووە "ناوم لە لیستی پشتیوانیکەرانی دۆناڵد ترەمپ بسڕەوە".

ئەو نوێنەرە وتوشیەتی "ھەواڵی کشانەوەی ھێز توشی سەرسوڕمانی کردم و شەرمەزار و توڕەبووم، ئێمە بە چەقۆ لە پشتی ھاوپەیمانەکەمان دا".

شیمکەس نوێنەرایەتی ویلایەتێک دەکات کە ساڵی ٢٠١٦ دەنگیان بە ترەمپ دابوو، پێشتریش بە شێوەیەکی گشتی پشتگیری لە سیاسەتەکانی ترەمپ دەکرد.

یەکێکی دیکە لەو کەسانەی ناڕەزایی نیشانداوە، لیز جێنی نوێنەری ویلایەتی ویۆمینگ بوو، کە ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پارتی کۆمارییەکانە کە بڕیارەکەی بە "ھەڵەیەکی کارەساتبار" وەسفکردووە.

ئادەم کینزینگەر ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنی نوێنەران کە سەر بە پارتی کۆمارییەکانە، بڕیارەکەی ترەمپ بە "شکست" وەسفکرد و وتیشی "ئەو ئەمریکایەی خۆشمدەوێت توانای کاری زۆر لەوە زیاتری ھەبوو".

ناڕەزایەتییەکان بەتەنھا ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو ئەندامانی باڵای ئەنجومەنی پیرانیش نیگەرانن، یەکێک لەو ئەندامانەش میچ مەککۆنێڵ سەرۆکی لیژنەی زۆرینەی ئەنجومەنی پیران (کە لیژنەیەکە زۆرترین ڕۆڵی لە لێپێچینەوەکردن لە ترەمپ ھەیە)، ڕەخنەی لە بڕیارەکەی ترەمۆ گرت و داوایکرد "ترەمپ کاربکات بۆ ھێشتنەوەی ھاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکەیان لە سوریا".

ھاوکات سیناتۆری کۆمارییەکان لیندزی گراھام و سیناتۆری دیموکراتییەکان کریس جان ھۆڵن ھەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ ڕێگریکردن لە ھێرشەکانی تورکیا، ھاوکات لە ھەوڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکدان تا لە ڕێگەیەوە ئەمریکا سزا بخاتە سەر تورکیا.

ڕۆژنامەنوسەکە ئاماژەی بە ھەموو ئەو ھەواڵە ئابڕوبەرانە کردووە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەبارەی دۆناڵد ترەمپەوە ھەبوون، لەوانە پرسی پەیوەندیدار بە پۆرنستاری ئەمریکی ستۆرمی دانیەڵس، گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی نیۆ نازی لە ڤێرجینیا، و بەکارھێنانی زمانێکی نەشیاو لە باسکردنی ژناندا.

وتوشیەتی، ھیچکام لەو ئابڕووچوونانە وەکو بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، کاریگەری لەسەر پشتیوانیکردن لە ترەمپ نەبووە، چونکە ئەمە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکاوە ھەیە و پێچەوانەکردنی ھەوڵەکانی نزیکەی ٢٠ ساڵی ئەمریکایە بۆ بەدەستھێنانی متمانەی کورد و ھاندانیان بۆ شەڕکردن دژ بە تیرۆر تا پێویست نەکات سەربازانی ئەمریکا شەڕبکەن.

کەمبوونەوەی پشتیوانیکەرانی ترەمپ لەکاتێکدایە کە ئێستا لە ھەمووکات زیاتر ترەمپ پێویستی بە پشتیوانی کۆنگرێسە، کە ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێنەرانی ئەمریکا دەستی لە لێپێچینەوە لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە سەبارەت لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پێشتری لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا، کە دەوترێت ترەمپ دەسەڵاتەکانی بۆ مەرامی تایبەتی بەکارھێناوە.

لەگەڵ ئەم ناڕەزاییانەشدا، ژمارەیەک لە ئەندامانی دیاری کۆنگرێس پشتیوانی لە بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا دەکەن، لەوانەش ھەردوو سیناتۆر ڕاند پۆڵ و مایک لی، لەگەڵ مات گەیتز و تۆماس مەیسی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.