سەردێڕ:

وێنەی سێڵفی ڕووداوی مردنی درووستکردوە

فۆتۆ: 
2019-10-11

4660 جار خوێندراوەتەوە

بە پێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی عەرەبی، لە ساڵی ٢٠١١وە، زیاتر لە سەدان ھاوڵاتی بە ھۆی وێنەی سێڵفیەوە گیانیان لەدەستداوە. 

ئەو ماڵپەڕە ئەوەشی باسکردووە، زیاتر لە نیوەی مردنەکان بە ھۆی وێنەی سێڵفییەوە لە ھیندستان بووە، پاشانیش لە ڕووسیا، ئەمریکا و پاکستان.

ھەر بە پێی ئەو سەرچاوەیە، پەیمانگای"ئۆڵ ئیندیا بۆ زانستی پزیشکی" لە نیودەلھی ڕایگەیاندووە، گیان لەدەستدانەکان بە ھۆی ئەوەوە ڕوودەدات کە خەڵکی وێنەی سێڵفی لە کەناری دەریاکان، یان لە سەربانە زۆر بەرزەکانەوە دەگرن.

ئەوەشی ڕونکردووەتەوە مردنەکانی بە ھۆی وێنەی سێڵفییەوەن زیاتر نقومبوون لە ئاودا یان کەوتنە خوارەوەیە لە ھۆکارەکانی گواستنەوەی جوڵاوەوە.

دەشڵێت، بە نزیکەیی سێ لەسەر چواری قوربانییەکان لە ڕەگەزی نێرن و تەمەنیان بە گشتی لە خوار ٣٠ ساڵەوەیە.

لە ئێستادا وڵاتان لە ھەوڵی دۆزینەوەی ڕێگاچارەدان بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان بە ھۆی وێنەی سێلفییەوە، ھەربۆیە پۆلیسی ڕوسیا بڵاوکراوەیان لە شەقام و شوێنە گشتییەکان بڵاوکردووەتەوە، بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی وێنەگرتنی سێڵفی لەهەندێک شوێنی مەترسیداردا.

لە ئەمریکاش، باخچە گشتییەکان ڕێنمایی نوێیان تێدا بڵاوکراوەتەوە کە نابێت وێنەی سێڵفی بگیرێت ئەگەر شوێنەکە پارێزراو نەبێت.

ھەروەھا لە ھیندستان، پۆلیس بە فەرمی ئاگاداری بڵاوکردووەتەوە، بەشێک لە شوێنە بەرزە مەترسیدارەکانی ناساندووە بە "ئەو شوێنانەی وێنەگرتنی سێڵفی تیایدا قەدەغەیە".

سەرەڕای ئەوەی خەڵکی حەزدەکەن وێنەی سێڵفی لە شوێنە جیاوازەکانەوە بگرن، بەڵام بەرپرسان ھۆشداری دەدەن لەوەی دڵنیا بن لە پارێزراوی شوێنەکانیان پاشان وێنەی سێڵفی بگرن.