سەردێڕ:

کەشتییەکی نەوت ھەڵگری ئێرانی تەقییەوە

کەشتیەکی نەوت هەڵگر - ئەرشیف
فۆتۆ: 
2019-10-11

5040 جار خوێندراوەتەوە

بە پێی ئاژانسی ھەواڵی ئیرنای سەر بە حکومەتی ئێران، کەشتییەکی نەوتھەڵگری ئێرانی تەقییەوە و نەوتەکەی ڕژایە ناو دەریای سوورەوە.

ھەر بە پێی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کەشتییە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ھەینی ١١ی تشرینی یەکەم، لە نزیک بەندەری جددەی سعودییە لە دەریای سوور تەقییەوە، کۆمپانیای نەتەوەیی نەوتیی ئێران کە خاوەندارێتی کەشتییەکە دەکات ڕایگەیاندووە، "کەشتییەکە کراوەتە ئامانجی چەند موشەکێک"، بەڵام ھیچ بەڵگەیەکی لەوبارەیەوە نەخستەڕوو.

ئاماژەشی بەوەدا بە ھۆی تەقینەوەکەوە زیان بەر دووان لە عەمبارە سەرەکییەکانی کەشتییەکە کەوتووە، بەوەش نەوتە خاوەکە دزەی کردووەتە ناو دەریای سوورەوە.

لە ھەمانکاتدا وتیشی ڕووداوەکە ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزاکانی سەر ئێرانی توندتر کرد، ئەوەش دوای کشانەوەی تاکلایەنەی دۆناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە لە ساڵی ٢٠١٥ کە بە ڕێککەوتنی پێنج کۆ یەک ناسراوە.