سەردێڕ:

ئیمانوێل ماکرۆن: داوا لە تورکیا دەکەم کۆتایی بە ھێرشەکەی بھێنێت

فۆتۆ: 
2019-10-10

2107 جار خوێندراوەتەوە

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دەڵێت داوا لە تورکیا دەکەم بە خێرایی کۆتایی بە ھێرشەکەی بھێنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، مەترسییەکانی سەرھەڵدانی جەنگ یارمەتی رێکخراوی داعش دەدەن جارێکی دیکە خەلافەتەکەیان بنیات بنێنەوە، بۆ ئەمەش تورکیا بەرپرسە.

ئەمەش لە کاتێکدایە فەرەنسا داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی وڵاتانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەکات.

ھاوکات جان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا،  دەڵێت لە قۆناغێکدا نین کە تیایدا زیندانییەکانی داعش لەژێر دەستی ھێزە کوردییەکان ھەڵبێن.

ئەمانەش لە چوارچێوەی ئەو کاردانەوانەن، کە لە لایەن سەرجەم وڵاتانەوە بە چڕی دەبینرێن دژ بە ھێرشەکەی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان.

فەرەنسا  کە یەکێکە لەو وڵاتانەی ئیدانەی ھێرشەکەی کردووە، ھەروەھا بە کارێکی خراپ ناوی دەبات و داوای ئەوە دەکات ھەرچی زووە تورکیا ھێرشەکانی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگرێت.

ماوەی دوو ڕۆژە تورکیا بە بەردەوامی لەڕێگەی ئاسمانی و زەمینی، ھێرشەکانی دەستپێکردووە بۆسەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان، تا ئێستاش چەندین شەھید و برینداری لێکەوتووەتەوە و چەندین ھاوڵاتیش ئاوارە بوون.