سەردێڕ:

مەسرور بارزانی: نیگەرانین لەو ڕووداوانەی لە سوریا ڕوودەدەن

فۆتۆ: 
2019-10-10

1569 جار خوێندراوەتەوە

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، نیگەرانین لەو ڕووداوانەی لە سوریا ڕوودەدەن و هاوخەمی خۆمان بۆ قوربانیانی رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕین.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەمیانەی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە ئاھەنگی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەدین، ھاوخەمی خۆی بۆ قوربانیانی ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و وتی، "دژی ھەموو توندوتیژییەکین و پێمانوایە تەنھا بە گفتوگۆ و ڕێگای ئاشتییانە سەقامگیری دێتە دی."

وتیشی، "شەڕ و پێکدادان و گۆڕینی دیمۆگرافی سەقامگیری ناھێنێتەدی، ھیوادارین ئەو شەڕەی دەستیپێکردووە لە ڕۆژئاوای کوردستان بە زوویی کۆتایی پێبێت."

ڕاشیگەیاند، نیگەرانن لەو دۆخەی ئێستا لە سوریا دروستبووە.

لەتەوەرێکی دیکەدا، جەختی لەوە کردەوە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کارنامەی ڕوونی ھەیە بۆ گەشەپێدانی خوێندنی باڵا و وتیشی، "پەروەردە و خوێندنی باڵا بنەمای سەرەکیی گەشەپێدانی ھەمەلایەنەی کوردستانن."

ھەروەھا باسی لەوەش کرد، دەربارەی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لە ھەوڵدان بۆ گفتوگۆکردن بۆ چارەسەری گشتپرس و کێشەکانی نێوانیان.

ئاماژەشی بەوە کرد، پێشکەوتنی زۆر لە گفتوگۆکاندا ھاتوونەتە دی.

مەسرور بارزانی لە باسی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی عێراقدا باسی لەوە کرد، پشتگیریی مافە ڕەواکانی خەڵکی عێراق دەکەن و، پشتگیریش لە حکومەتی عادل عەبدول مەھدی دەکەن کە بە شێوەیەکی دەستووری و دادپەروەرانە چاکسازیی بکات و مافەکانی ھەموو لایەک بە ھەرێمی کوردستانیشەوە دەستەبەربکات.