سەردێڕ:

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: ھێرشەکانی تورکیا دەبێتە ھۆی ئاوارە بوونی ھاوڵاتیان

فۆتۆ: 
2019-10-09

516 جار خوێندراوەتەوە

لە بەیاننامەیەکدا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ھەرێمی کوردستان دەربارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان پەیامی خۆی بڵاوکردەوەو نیگەرانی دەردەبڕێت، دەشڵێت ئەوە دەبێتە ھۆی ئاوارە بونی ھاوڵاتیان و ماڵ وێرانی لەو ناوچانە.

ھەروەھا باس لەوەش دەکات دووبارە مەترسی سەرھەڵدانەوەی گروپە تیرۆریستیەکان دەکرێت، لە ئەگەری دروست بونی ھەر شەڕو پشێوی و ئاڵۆزیەک لەناوچەکە، ئەمەش دوای ئەوەی گروپی تیرۆریستی داعش تێکشکێندراو خەلافەتەکەی روخێنرا لەلایەن ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزەکانی تر لە سوریاو عێڕاق.

ھەروەھا لە بەیاننامەکەدا ھاتووە داوا دەکەن ھەرچی زووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش، ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و یەکێتی ئەوروپا ڕۆڵی خۆیان ببینن، فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا بۆ ڕاگرتنی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە، وە ڕێگری بکەن لە ھەڵگیرسانەوەی شەڕێکی ترو ئاوارە بونی ھاوڵاتیانی مەدەنی.


داواشیان کرد ھەوڵ بدرێت بە دیالۆگ و ڕێگە چارەی ئاشتیانە چارەسەری کێشە و ئاڵۆزیەکان بکرێت، ڕێگریش بکرێت لە کارەساتی مرۆیی، چونکە پێشتر ڕوویداوە و سەدان ھاوڵاتی بوونە قوربانی و ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بون ، لەکاتێکدا ھێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکان لەھەرێمی کوردستان ماون و نەگەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان.

ھاوکات داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش دەکەن، کە بڕیارە سبەینێ ١٠ی تشرینی یەکەم کۆببێتەوە تایبەت بە پرسی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و بارودۆخی سوریا، بڕیارێکی تایبەت دەربکەن تایبەت بە پاراستنی خاک و خەڵکی سوریا و رۆژ ئاوای کوردستان لە ھەر ھێرش و مەترسیەک، چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە.

ھەروەھا جەختیشیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە ھەرچی زووە کۆتایی بە قەیرانی سوریا بھێندرێت و چارەسەرێکی سیاسی بۆ بدۆزرێتەوە، چونکە ئەو ڕەوشەی سوریا کاریگەریی ھەبووە بۆ سەر وڵاتانی دەورووبەر، لەگەڵ درووست بوونی نائارامی و دەیان گروپی توندڕەو و تیرۆریست، کە بوونەتە ھەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و ئاسایشی وڵاتانی جیھان بەگشتی.

‌بەپەلە