سەردێڕ:

هێمن هەورامی: رۆژئاوای كوردستان لە بەردەم مەترسی گەورەدایە

فۆتۆ: 
2019-10-09

2664 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، پەرلەمانی کوردستان جەخت دەكاتەوە کە پشتیوانی ئاشتیە، چونكە گەلی کورد لە ئاشتی براوەیە.

هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گەلی کورد لە باشوری کوردستان دڵ و دەرونیان لەگەڵ ڕۆژئاوای كوردستانە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش لە ڕۆژئاوای کوردستان دەبێتە هۆی مەترسی گەورە بۆ سەر گەلی کورد لەو پارچەیەی کوردستان.

ڕاشیگەیاند، جارێکی دیکە گەلی کورد لەبەردەم هەڕەشە و مەترسی گەورەدایە و کورد دەبێتەوە قوربانی جەنگ.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەک پەرلەمانی کوردستان خوازیارن گەلی کورد نەبێتە قوربانی ئەو گەمە گەورەیەی لەناوچەکەدایە و بەهیچ شێوەیەکیش پەلامار دۆزی ڕەوای کورد چارەسەر ناکات.

ئەوەشی خستەڕوو، پەرلەمانی كوردستان نیگەرانە بەرامبەر كشانەوەی هێزە سەربازیەکانی ئەمریكا چونکە رێگە خۆشكەرە بۆ پەلاماری سەربازی.

ئەوە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترامپ بڕیاریدا هێزە سەربازیەکانی لە دوو پێگەی سەربازیی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە، چاودێرانیش وا لێکیاندایەوە کە ئەوە هەڵکردنی گڵۆپی سەوزە بۆ هێرشی تورکیا.

‌بەپەلە