سەردێڕ:

ترەمپ بڕیاریدا هێزەکانیان لە باکوری سوریا بکشێننەوە

فۆتۆ: 
2019-10-07

2003 جار خوێندراوەتەوە

پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ئەردۆغان و ترەمپ جارێکی دیکە کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان خستە نێو دووڕیانێکی ترس و دڵەڕاوکێوە، بەتایبەت لەو کاتەی کە ئەمریکا بڕیاریدا ھێزەکانی لە سنورەکانی باکوری سوریا بکشێنێتەوە وچەند خاڵێکی پشکنینیشی لەسنورەکانی نێوان تورکیاو سوریا چۆڵکرد، بۆیە چاودێرانی دۆخی سیاسی، ئەم بڕیارە بە ھەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنی ھێرشەکانی سوپای تورکیا لەناوچەکانی باکوری ڕۆژھەڵاتی فورات وەسف دەکەن.

لە یەکەم ھەڵوێستیشیدا سەبارەت بە رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان و کشانەوەی وڵاتەکەی لە سووریا سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان دەیانەوێت لەو شەڕە بێمانا و بێ کۆتاییە بێنە دەرەوە، چونکە دەبوو مانگێک لەسوریا بمێننەوە، بەڵام واچەندساڵێکە ماونەتەوە، بۆیە کاتی ئەوە ھاتەووە سەربازەکانیان بگەڕێننەوە بۆ نیشتمان.

 ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە کوردەکان  لە پاڵ ئەواندا جەنگان دژی داعش و بۆ ئەمەش بڕێکی زۆر پارەو  چەک و تەقەمەنییان پێدرا وەو ساڵانێکە لە دژی تورکیا دەجەنگن و بەدرێژایی سێ ساڵ رێگری لەو جەنگە کردووە، بەڵام ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە لەو جەنگە دووربکەونەوە.

 ئەم وتانەی ترمپ لەدوای ئەوە ھات کە پێشتر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان ترەمپ  ئەردۆغاندا ئەنجامدرا و سەبارەت بەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەش ئەردۆگان ڕایگەیاند، ھەردوولا دواین پەرەسەندنەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە لەسەر ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا.

 ھاوکات مەولود چاوش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیاش لە تویتێکدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی سورە لەسەر ئۆپەراسیۆنی ڕۆژھەڵاتی فوڕات لە ھەر ساتێکدابێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆئەوەی کەلەگەڵ ئەمریکا ڕێکەوتوون لەنزیکترین کاتدا دەست بەو ئۆپراسیۆنە سەربازیە بکەن.

لە ماوەی ڕابردوودا ھێزەکانی سوریای دیموکرات نەرمی زۆری نواند لەدروستکردنی ناوچەی ئارامدا، بۆئەوەی وەک خۆیان دەڵێن نەکەونە شەڕێکەوە لەگەڵ تورکیاداو ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجام نەدات.

لە ڕاگەیەنراوێکیشدا ھەسەدە داوایان لەسەرجەم پێکھاتەکانی کوردوو عەرەب و ئاشوری کردووە پێکەوە یەکبگرن و بەرگری لەخاکەکەیان بکەن و دەشڵێن بۆ پاراستنی خۆیان یەک چرکەش ڕاناوەستن.

بڕیارەکەی ترەمپ کاردانەوەی زۆری لەنێوخۆی ئەمریکاو دەرەوەشدا بەدوای خۆیدا ھێنا.

لە درێژەی کاردانەوەکانیشدا نەتەوە یەکگرتووەکان ھۆشداریدا لە ئەگەری ھێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر باکوری ڕۆژھەڵاتی سوریا و داوایکرد، نابێت زیان بە ھاوڵاتیانی مەدەنی بگات، چونکە مێژوویەکی تاڵێان لەگەڵ ناوچەی ئارام ھەیە.

لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی دۆنال ترەمپ بۆ کشانەوەی ھێزەکانیان لە باکورو ڕۆژھەڵاتی سوریا، برێت مەکگۆرک نوێنەری پێشوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش لە تویتێکدا نوسیویەتی، "دۆناڵد ترەمپ سەرکردەی باڵا نیە، ئەو ھەندێک بڕیار دەدات بەبێ ئەوەی ھیچ زانیاریەکی لەبارەوە ھەبیت.

ھاوکات لیندزی گراھام سیناتۆری کۆماریەکانیش بڕێارەکەی ترەمپ بە کارەسات وەسف دەکات و دەڵێت ئەگەر وابێت خەڵکی وەک ھاپەیمانێکی بێ متمانە لە ئەمریکا دەڕوانن.

ھاوکات ھیلاری کلینتۆنی وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەمریکاش بڕیارەکە بەخیانەتێکی گەورە لەدژی کوردەکان وەسف دەکات و دەڵێت ئەمریکا بۆ پاوانخوازی تورکیاو ڕوسیا پشتی لەکوردەکان کرد.