سەردێڕ:

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ: بەناڕاستەوخۆ وتراوە جارێ باسی مووچە مەکەن

د.کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان
فۆتۆ: 
2019-10-06

17868 جار خوێندراوەتەوە

د.کازم فاروق ڕایگەیاند، بڕیاربوو ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەمووز دابەشبکرێت، بەڵام دواخراوە و، بەناڕاستەوخۆش وتراوە جارێ باسی مووچە مەکەن.

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، داھاتی ئەم کابینەیە لە ئێستادا، بۆ یەک مانگ بریتیە لە (٧٠٠ ملیۆن دۆلاری فرۆشتنی نەوت، ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری بەغدا و، نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری داھاتی ناوخۆ و خاڵە سنوریەکان). 

وتیشی، حکومەت بۆ مووچەی مانگانە پێویستی بە تەنھا (٧٣٤٠٠٠٠٠٠ حەوت سەد و سی و چوار ملیۆن دۆلار) ھەیە. واتە داھاتی مانگانەی ئەم کابینەیە بەنزیکەیی بەشی دوو مووچە دەکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھیچ لێدوانێکی فەرمیی لە بارەی دابەشنەکردنی مووچەی مانگی تەمووزی ئەمساڵ، بڵاونەکردووەتەوە.

سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ناردنی ٣١٧ ملیار دیناری مانگانە لە بەغداوە بۆ ھەرێم و زیادبوونی داھاتی ناوخۆ، بەشێک لە پسپۆڕانی ئابوریش جەختدەکەنەوە ئەوەی، حکومەت بەو داھاتەی لەبەردەستیەتی دەتوانێت لانیکەم مووچە لەکاتی خۆیدا دابەش بکات.