سەردێڕ:

دەستدرێژی سێکسی لە تورکیا بە ڕێژەی %٣٧ زیادی کردووە

فۆتۆ: 
2019-10-01

4632 جار خوێندراوەتەوە

بە پێی ڕاپۆرتێک کە سایتی "زەمەن"ی تورکی بڵاویکردۆتەوە، لە ساڵی ٢٠١٨ دەستدرێژی سێکسی بە ڕێژەی %٣٧ زیادی کردووە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو.

بەپێى ڕاپۆرتەکە، زیاد بوونی ئەو رێژە زۆرە بۆ نەبوونی بەربەستێکی یاسایی گونجاو دەگەڕێننەوە.

جێگری سەرۆکی حیزبی پارتی گەلی کۆماری، کە سەر بە بەرەی ئۆپۆزسیۆنە، زیاد بوونی ئەو ڕێژە زۆرە بۆ لێخۆشبوونی دادگا دەگەڕێنێتەوە لەو تاوانبارانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر ژن و منداڵ.

ئاماژەشی بەوە داوە بەرزبوونەوەی ئەو ڕێژە زۆرە ئاڵانگارییەکی ڕاستەقینە و گەورەیە لەبەرامبەر حکومەتی تورکیا.

بە پێی ڕاپۆرتێک کە حیزبی پارتی گەلی کۆماری ئەنجامی داوە، ئاماژە بەوە دەدات کە هەڕەشەی سێکسی و دەستدرێژی کردن بە ڕێژەی %٦ زیادی کردووە بە بەراورد بە شەش ساڵی رابردوو. بەوپێیەش دەکاتە ٣٢ دەستدرێژی سێکسی بۆ هەر هەفتەیەک.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی (هیومان رایتس)، ٤٠٠ ژن لە ماوەی چەند مانگی رابردوو بە هۆی کێشەی خێزانییەوە کوژراون، ڕوونیشی کردۆتەوە لە ئێستادا تورکیا دەناڵێنێت بەدەست ڕێژەیەکی بەرزی توندوتیژی لە دژی ژنان و منداڵان، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا یاسا بە شێوەیەکی پێویست ڕێوشوێنی نەگرتۆتە بەر بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی و مامەڵە کردنی وەک تاوان و بابەتێکی گرنگ.

لەو بارەیەوە ئەنجومەنی ئەوروپی، کە پێک هاتووە لە سەرۆکی ٢٨ وڵاتی ئەندام لە یەکییەتی ئەوروپا، هۆشداری دەدەنە تورکیا دەربارەی ڕاپۆرتەکەی ساڵی رابردوو، باس لەوە دەکەن حکومەتی تورکیا لە بەرامبەر بەرزبوونەوەیەکی مەترسیداردایە لە ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان، داواشیان کرد تورکیا ڕێوشوێنێکی توندتر بگرێتە بەر بۆ ئەو بابەتە.

لە ڕاپۆرتەکەی ئەنجومەنی ئەوروپیدا هاتووە، هەر ژنێکی تورکی، بە درێژایی ژیانی بە ڕێژەی %٢٧ قابیلی ئەوەیە ڕووبەڕووی چاودێریکردن و هەراسانکردنی سێکسی ببێتەوە.