سەردێڕ:

نیویۆرک تایمز: سەرۆک وەزیرانی لوبنان ١٦ ملیۆن دۆلاری بە نمایشکارێک بەخشیووە

چیرۆکەکەی سەرۆک وەزیرانى لوبنان و خۆشەویستەکەی ئاشکرا بوو
فۆتۆ: 
2019-10-01

5265 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی چەند بەڵگەنامەیەک کە دەست ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی کەوتوون، سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان زیاتر لە ١٦ ملیۆن دۆلاری بەخشیوەتە نمایشکارێکى جلوبەرگ کە خەڵكی ئەفریقای باشوورە و پێشتر پەیوەندی سۆزداری لەنێوانیاندا هەبووە.

ڕۆژنامەکە ئەو بەڵگەنامانەی لە دادگایەکی ئەفریقای باشوور دەستکەوتووە، کە ئاشکرابووە، حەریری ساڵی ٢٠١٣ کە ئەوکاتە سەرۆک وەزیرانی لوبنان نەبووە ئەو بڕە پارەیەی گواستووەتە سەر هەژماری بانکی خانمە نمایشکارەکە، بە ناوی (کاندیس ڤان دێر مێروێ)، تا ئیستاش ڕوون نیە کە بەخشینی پارەکە پێشێلکاری یاساکانی لوبنان یان ئەفریقای باشوور بووە.

بەڵگەنامەکانی دادگا ئەوە دەردەخەن، حەریری کە هاوسەری هەیە و باوکی سێ منداڵە، لە هاوینەهەواری سەیچێلێس لە ئەفریقای باشوور ئەو نمایشکارەى ناسیووە.

ڕۆژنامە ئەمریکیەکە نوسیویەتی ئەو زانیارییەی دادگا لە کاتێکی هەستیاردا ئاشکرا بووە کە "حەریری لەڕووی بازرگانی و سیاسیشەوە  ئیمپڕاتۆرەکەی چەندین شکستی بەخۆیەوە بینیووە".

هەر لەو ماوەیەدا کاندیس بەشداری چەند کارێکی وينە گرتنی خواردنەوە گازییەکانی کردووە، لەگەڵ چەند ریکلامێکی پۆشاکی مەلە کردن، بەڵام پاداشتەکانی نەگەیشتونەتە ٥٤٠٠ دۆلار.

لەگەڵ ئەوەشدا لە مانگی پێنجی ئەو ساڵەدا بڕی ١٥ ملیۆن دۆلاری پێدەگات لە بانکی لوبنانییەوە، کاندیسیش باس لەوە دەکات کە ئەو بڕە پارەیەی بە دیاری وەرگرتووە و حەریری لە بەرامبەر هیچ شتێکدا ئەو پارەیەی پێشکەش نەکردووە.

بە پێی نامەیەکی ئەلیکترۆنی کە لەلایەن کاندیسەوە بۆحەریری نێردراوە، کاندیس وردەکاری هەژماری بانکی خۆی بۆ حەریری ناردووە و لەگەڵیشیدا نووسیویەتی "خۆشم دەوێی حەریری".