سەردێڕ:

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی: رۆحانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ترەمپی هەڵنەگرت

فۆتۆ: 
2019-10-01

6250 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئاشکرایکرد، سەرۆکی فەڕەنسا بە شێوەیەکی نهێنی و کتوپڕ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان ترەمپ و رۆحانیدا ڕێکخستووە بەڵام رۆحانی ڕەتیکردووەتەوە وەڵامی پەیوەندییەکە بداتەوە.

بە گوێرەی ڕۆژنامەکە سێشەممەی ڕابردوو لەکاتێکدا کە حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە نیویۆرک بووە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئیمانوێل ماکرۆن بە نهێنی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ ترەمپ و رۆحانی ڕێکخستووە، و ترەمپی لەسەر هێڵ هێشتووەتەوە و تەنها کار کە رۆحانی دەبوو بیکات ئەوەبوو کە لە ژووری تایبەتی خۆی لە هۆتێلی میلینیۆم هیڵتن بێتە دەرەوە و بچێتە دەرەوە و بێتە ژوورێک کە بە "ژووری ئەمنی"وەسف دەکرێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکە لەنێوانیاندا دروست ببێت، بەڵام رۆحانی ڕەتیکردووەتەوە لە ژوورەکەی خۆی بێتە دەرەوە و بەوەش پلانەکەی ماکرۆن شکستی هێناوە و ترەمپیش لەسەر هێڵ بە بێ وەڵام ماوەتەوە.

ڕۆژنامەکە بە پشت بەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگادار لەو هەوڵە دیبلۆماتکارییە ئەوەی خستووەتەڕوو، ماکرۆن لە ڕێگەی یاریدەدەرەکانی رۆحانییەوە هەوڵیداوە ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە ئەنجام بدات.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکی فەڕەنسا ماوەی چەندین مانگە لە هەوڵی نێوەندگریدایە لە نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ئەو گرژییانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستبووە و ڕێگریکردن لە ئەگەری ڕوودانی جەنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەکە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ترەمپ لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان خواستی ئەوەی هەبووە لەگەڵ رۆحانی کۆببێتەوە یان تەنانەت پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بکات کە ئەوەش ڕەنگدانەوەی نیگەرانییەکانی سەرۆکی ئەمریکایە لەبەرامبەر کەڵەکەبوونی کێشە نێودەوڵەتییەکان.

هەر لەوبارەیەوە عەلی وایز بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئێران لە ڕێکخراوی (گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان) ڕایگەیاندووە، "پەیوەندیکردن بە ترەمپەوە بەرپرسیارێتییەکی قورسە بۆ رۆحانی و ناوبراو نایەوێت خۆی بخاتە ئەو مەترسییەوە ئەگەر دڵنیا نەبێت لەوەی پەیوەندییەکی لەوجۆرە بە قازانج بۆ ئێران دەشکێتەوە".