سەردێڕ:

ترامپ داوای یارمەتی لە سەرۆک وەزیرانی ئوستوراڵیا کردووە

فۆتۆ: 
2019-10-01

2152 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترامپ داوای لە سکۆت مۆریسن سەرۆک وەزیرانی ئوستراڵیا کردووە تا لە کەیسی دەستێوەردانەکەی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦دا، یارمەتی بدات.

میدیاکانی ئەمریکا و ئوستوراڵیا بڵاویان کردووەتەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ترەمپ داوای لە مۆریسن-ی سەرۆک وەزیرانی ئوستوراڵیا کردووە تا یارمەتی بدات لە پەیداکردنی بەڵگە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی کە دەوترێت ترەمپ لە لایەن روسیاوە یارمەتی دراوە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا.

حکومەتی ئوستراڵیا پشتراستی کردەوە مۆریسن ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ هاوکاریکردنی ترەمپ لەوبارەیەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە مۆریسن یەکێکە لە هاوپەیمانە سیاسییە نێودەوڵەتییەکانی ترەمپ و هەفتەی پێشوش، بانگهێشتی خوانی ئێوارە کراوە لە کۆشکی سپی.

میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایانکرد لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا، ترەمپ لە پەیوەندییەکیدا لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەی داوایکردووە لێکۆڵینەوە لە کارەکانی هەنتەری کوڕی جۆو بایدن بکات، کە خاوەنی کۆمپانیاییەکی نەوت و گازە و لەگەڵ ئۆکرانییا هاوبەشی کاری هەیە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە جۆ بایدن ڕکابەری سەرەکی ترەمپ دەبێت بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠، و هەر ئەمەیشە کە هەردوو لایەن لە ئێستاوە یەکتری تۆمەتبار دەکەن.

جۆ بایدنی جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش، لە تویتێکدا، داوای لە کۆنگرێس کردووە لێکۆڵینەوە لە ترەمپ بکەن، بە تۆمەتی بەکارهێنانی کورسی سەرۆکایەتی بۆ مەرامی کەسیی.

لە ئێستاشدا کۆنگرێس لە هەوڵدایە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی نێوان ترەمپ و سەرۆکانی دیکەی جیهان ئاشکرا بکات.