سەردێڕ:

ئەو دیبلۆماتکارەی دژی جەنگی عێراق هەڵوێستی نواند گیانی لەدەستدا

فۆتۆ: 
2019-09-28

4370 جار خوێندراوەتەوە

جۆزێف ویڵسن، ئەو دیبلۆماتکارەی ئەمریکا کە لە سەردەمی ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوش دژی راگەیاندنی جەنگی عێراق هەڵوێستی نواند، لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا گیانی لەدەستدا.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز هەواڵی گیان لەدەستدانی ئەو دیبلۆماتکارەی ئەمریکای لە زاری ڤالێری پڵەم هاوسەری پێشووی ویڵسنەوە بڵاوکردەوە، و هۆکارەکەشی بۆ پەککەوتنی ئەندامانی جەستەی گەڕاندەوە.

ویڵسن ماوەی ٢٣ ساڵ چەندین پۆستی دیبلۆماسی ئەمریکای بەڕێوەبردووە، کە لە دیارترین ئەو کارانەی کردوویەتی وەرگرتنی هەڵوێست بوو لە دژی جەنگی عێراق کە دواتر بووە هۆی ڕوخانی ڕژێمی بەعس.

ساڵی ٢٠٠٢ دەزگای هەواڵگری ناوەند (سی ئای ئەی) داوای لە ویڵسن کردبوو کە لێکۆڵینەوە بکات لە ئەگەری ئەوەی ڕژێمی بەعس ماددەی یۆرانیۆم لە وڵاتی نایجریا دەکڕێت.

دواتر جۆرج دەبلیو بوش سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا لە میانی وتارێکی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٣ ڕایگەیاند، بۆیان دەرکەوتووە کە سەدام حسێن هەوڵی بەدەستهێنانی بڕێکی زۆر لە ماددەی یۆرانیۆمی داوە لە ئەفریقاوە، کە ئەمەش بە پاساوێک بۆ ڕاگەیاندنی جەنگ لە قەڵەمدرا.

لەدوای ئەو وتارەی بوش، ویڵسن لە وتارێکیدا کە لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردبووەوە لە ژێر ناونیشانی "ئەوەی کە لە ئەفریقا نەمدۆزیەوە"، ئەو زانیارییەی بەدرۆخستەوە.

ویڵسن لەو وتارەیدا نوسیبووی " لە مانگی ئازار بۆ تەمووز وتەبێژانی ئیدارەی ئەمریکا ئەو ڕاستییەیان دەدرکاند کە ئەمریکا وڵاتەکەمانی بەرەو جەنگێک بردووە بۆ ئەوەی بەرگریمان لێبکات لە دژی هەڕەشەی تەقینەوەی ئەتۆمی، هەرچەندە ئەوان و منیش دەزانم، یەکێک لەو دوو 'ڕاستییەی' کە کراونەتە هۆکاری ئەم جەنگە هیچ ڕاست نیە".

یەک هەفتە دوای ئەوە، ستوننوسێکی واشنتن ئاشکرایکرد ڤاڵێری پلەم وەکیلێکی دەزگای سی ئای ئەیە کە بە نهێنی کاردەکات، ئاشکراکردنی ئەم زانیارییەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا چونکە وادەبینرا بەرپرسانی کۆشکی سپی ناسنامەی پڵەمیان ئاشکراکردبێت بۆ تۆڵەکردنەوە لە وتارەکەی ویڵسن کە تیایدا ڕەخنەی لە سەرۆک گرتبوو.