سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. کەوتنەوەی ئاگر لە کارگەیەکی کیمیایی لە باکوری فەڕەنسادا دەوامی خوێندنگاکانی راگرتووە

فۆتۆ: 
2019-09-26

1391 جار خوێندراوەتەوە

لە درەنگانی شەوی ڕابردووەوە ئاگرێکی گەورە لە کارگەیەکی کیمیایی لە شاری کۆهێنی باکوری فەڕەنسا کەوتەوە و هاوڵاتیانی ناوچەکەی توشی ترس و دڵەڕاوکێ کرد.

بە گوێرەی بەرپرسانی ناوخۆیی، ٢٠٠ پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون و لەهەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدان.

هاوکات جگە لە دانیشتوانی شاری کۆهێن، داوا لە هاوڵاتیانی سەر بە ١١ شارەوانی دەوروبەری کراوە لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە، هەروەها قوتابخانەکانی ناوچەکەش داخراون.

پیەر ئاندرێ دوراند حاکمی شاری کۆهێن ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئاگرەکەوە دوکەڵێکی ڕەش لە ئاسماندا بڵاوبووەتەوە کە لە ئەنجامی سوتانی ماددە کیمیاییەکانی کارگەکەیە، کە ئەوەش دڵەڕاوکێی لای هاوڵاتیان دروستکردووە بەڵام شارەزایان دەڵێن دوکەڵەکە ژەهراوی نیە.

میدیاکان باس لەوەدەکەن، کارگەکە شوێنی بەرهەمهێنانی ماددە زیادکراوەکانی نەوتە و هەر لەو شوێنەدا ماددەی مەترسیدار لە کۆگای گەورەدا هەڵگیراون.