سەردێڕ:

بومەلەرزەیەک بەگوڕی ٥.٩ پلە ئیستەنبوڵی ھەژاند

فۆتۆ: 
2019-09-26

10000 جار خوێندراوەتەوە

بوومه‌له‌رزه‌یەک بە گوڕی ٥.٩ پلە لە ئیستەنبوڵ روویدا و لە پارێزگاكانی ده‌ورووبه‌ریشی هه‌ستی پێكراوه‌.

ناوەندی کاندلی تایبەت بە توێژینەوەکانی بواری بومەلەرزەزانی رایگەیاند، بومەلەرزەکە بە دووری ٧٠ کیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری ئیستەنبوڵ لە ئاوەکانی مەرمەرە روویداوە.

ژمارەیەک لە دانیشتیوانی شاری سیلیفری لە رۆژئاوای ئیستنەبوڵ کە رووداوەکەیان بینیوە باسی لەوەکردووە، ئەوان لەرینەوەی بیناکانیان لە کاتی بومەلەرزەکەدا بینیوە.

هاوکات میدیاکانی تورکیا باسیان لەوەکردووە، بەهۆی بومەرزەکەوە هێڵی تەلەفۆن لە شاری سیلیفری و بەشێک لە ناوچەکانی دەوروبەری بچڕاوە.

ناوەندەکانی تایبەت بە بومەلەرزە دەڵێن، زۆرترین ماوەی بومەلەرزە لەنێوان ٢٠ تاوەکو ٣٠ چرکەدایە، واتە ئەو ماوە کورتە و پێویست ناکات ھاوڵاتی بشڵەژێت، بۆیە گرنگ ئەوەیە ئەگەر لە ماڵەوە بوو لە ڕوکنێکی خانووەکە خۆی بپارێزێت و خۆی لە کەوتنەخوارەوەی سەقف و دیوار بپارێزێت.

دەشڵێن، ئەگەر لە کاتی بومەلەرزەدا هاوڵاتییەکە  لە دەرەوە بێت باشترە خۆی لە تاوەرەکانی کارەبا و تاوەرەکانی تەلەفۆن و ھێڵەکانی گەیاندن بپارێزێت، ھەروەھا خۆی بەدوور بگرێت لەژێر پردەکان.

هـ.ع