سەردێڕ:

بەرپرسانی ئێران گەشتی ئەمریکایان لێقەدەغە دەکرێت

تاران
فۆتۆ: 
2019-09-26

4043 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئێران و خێزانەکانیان گەشتی ئەمریکایان بە هەموو جۆرێک لێقەدەغەدەکرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی کۆشکی سپیدا بڵاوکراوەتەوە، جارێکی دیکە ئێران تۆمەتبارکراوە بە "پشتیوانیکردنی تیرۆر و هێرشی ئەلیکترۆنی و دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیانی ئەمریکی لە ئێران بەشێوەیەکی هەڕەمەکییانە".

هەروەها ئاماژە بە لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کراوە کە وتوویەتی "لە کاتێکدا کە ئێران بەردەوامە لە هەڕەشەکانی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکە، بڕیارمداوە کە لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە کە ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی بەرپرسانی باڵای ئێرانی و ئەندامانی پلە یەکی خێزانەکانیان بکرێت بۆ ناو خاکی ئەمریکا، ئەگەر کۆچبەربن یاخود نا".

سەرۆکی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی سەرپشککردوە بۆ دیاریکردنی ئەو بەرپرسە ئێرانیانەی کە بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتی ئەمریکا دەیانگرێتەوە.

ململانێکانی نیوان ئەمریکا و ئێران ساڵی ڕابردوو قوڵتربوونەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی ساڵی ٢٠١٥ی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا کشایەوە و سزاکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە بە مەبەستی لاوازکردنی ئابووری تاران، ترەمپ دەیەوێت ڕێکەوتنێکی پتەوتر لەگەڵ ئێران واژۆ بکات کە پرۆگرامی ناوەکی ئێران سنورداربکات و ڕێگری لە کاری موشەکە بالیستیەکەی بگرێت، هەروەها ئێران پشتیوانییەکانی بۆ گروپە چەکدارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕابگرێت.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانیش لەوبارەیەوە، لە وتارێکیدا لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک ڕایگەیاند، دەبێت ئەمریکا "باجی زیاتر بدات" بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی فراوانتر لەگەڵ وڵاتەکەی واژۆ بکات، هاوکات کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ لەم کاتەدا ڕەتکردەوە.