سەردێڕ:

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمریکا: پێویستە لێپێچینەوە لە دۆناڵد ترەمپ بکرێت

فۆتۆ: 
2019-09-25

2667 جار خوێندراوەتەوە

نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ دانی بەوەدا ناوە کە داوای هاوکاریی سیاسیی لە سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە، ئەمەش بە واتای پێشێلی بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانیەتی.

لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، دیموکراتەکان لێیان روونە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا دەیدۆڕێنن، بۆیە پەنایان بۆ لێپێچینەوە بردووە.

سەرۆکی ئەمریکا پێشتر داوایکردبوو دەقی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ڤلادمیر زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بڵاوبکرێتەوە.

ترەمپ تۆمەتبارە بەوەی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەی داوایکردووە لە پرسی لێکۆڵینەوە لە تێوەگلانی جۆ بایدن و کوڕەکەی لە دۆسیەیەکی گەندەڵی هاوکاریی بکات.

جۆ بایدن، کە پێشبینی دەکرێت یەکێک لە کاندیدی دیموکراتەکان بێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لەلایەن ترەمپەوە تۆمەتبارکراوە بەوەی ساڵی ٢٠١٤ کە جێگری باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بووە، پێگەی خۆی بەکارهێناوە بۆئەوەی هانتەری کوڕی پۆستی بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی گازی سروشتی ئۆکرانیا وەربگرێت.

تا ئێستا لە مێژووی ئەمریکادا هیچ سەرۆکێک لێپێچینەوەی لەگەڵدا نەکراوە و لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا کاتێک ریچارد نیکسۆن سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی تێوەگلان لە ئابڕوچوونی وۆتەڕگەیتەوە مەترسیی لێپێچینەوەی لەسەربوو، دەستی لە کار کێشایەوە.