سەردێڕ:

سەرۆکەکانى هەریەکە لە عێراق و میسر و ئوردن کۆبوونەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێکرد

سەرۆکەکانى میسرو ئوردن، پشتیوانی خۆیان بۆ عێراق دەربڕیوە
فۆتۆ: 
2019-09-23

2702 جار خوێندراوەتەوە

هەریەکە لە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق و شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر، لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرک کۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەکەدا جەختكراوەتەوە لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەكان بە ئاڕاستەی ئاشتی و دیالۆگ لە پێناو ئەوەی ئارامی باڵ بكێشێت بەسەر تەواوی ناوچەكەدا.

لەكۆبوونەوەكە باس لە ئاسایشی هاوبەش و هەڕەشە و خراپی دۆخی ئەمنی و مەترسییەکان بۆ سەر هەمووان کراوە، سەرۆکانى هەر سێ وڵات تەئكیدیانكردەوە لە پێویستی كاركردنی زیاترو پاراستنی ئەو سەركەوتنانەی بەم دواییانە بەسەر تیرۆردا بەدەست هاتوون.

سەرۆکانى میسرو ئوردن، پشتیوانی خۆیان بۆ عێراق دەربڕیوە لە پێناو بنیادنانەوەو گەڕانەوەی لێقەوماوان بۆ ناوچەكانیان كە لەژێر چنگی داعشی رزگاریان بووە.

هاوكات جەختیان لە گرنگی چارەسەری سیاسی تەواو بۆ قەیرانەكانی ناوچەكە کردەوە بەتایبەتی قەیرانی سوریاو لیبیاو یەمەن بەگوێرەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش.

بەپێویستیشان زانیوە، پارێزگاریش بکرێت لە ئاسایشی نیشتمانی ناوچەکە، ھەروەھا رێگری بکرێت لە دەستوەردانی دەرەكی كە ئارامی و ئاشتی و ئاسایشی نیشتمانی ناوچەکە بخاتە مەترسیەوە.