سەردێڕ:

ئێران پێشنیازێک لەبارەى پاراستنی ئاسایشی کەنداو دەخاتەڕوو

لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان
فۆتۆ: 
2019-09-22

2473 جار خوێندراوەتەوە

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئەم هەفتەیە لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشنیازێک لەبارەی ئاسایشی کەنداو دەخاتەڕوو.

بە گوێرەی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئێران، رۆحانی ئاماژەی بەوەكردووە، پلانیان هەیە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەماهەنگی بکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی کەنداو و دەریای عومان.

رۆحانی باسی لەوەشکرد، بوونی هێزی بیانی ئاوەکانی کەنداو دۆخی ئەمنی ناوچەکە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە نەوتهەڵگرەکان تێکدەدات.

هەروەها وتیشی " ئێمە کەسانێک نین کە یاساکانی پاراستنی سنوری وڵاتانی دیکە پێشێلبکەین، هەروەک چۆن ڕێگەش نادەین هیچ کەسێک سنورەکانمان ببەزێنن".

ئەم وتانەی ڕۆحانی لە میانی نمایشێکی سەربازیدا بووە کە ئەمڕۆ بە بۆنەی ساڵیادی دەستپێكردنی جەنگی عێراق-ئێران لە تاران بەڕێوەچووە.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆببێتەوە کە بارەگاکەی لە شاری نیویۆرکی ئەمریکایە و ڤیزای هەردوو سەرۆکی ئێران و محەمەد جەواد زەریف بە مەبەستی بەشداریکردنیان لەو کۆبوونەوەیە، لەلایەن ئەمریکاوە پەسەندکراوە.