سەردێڕ:

جۆو بایدن داوادەکات لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییەکی ترەمپ و سەرۆکی ئۆکرانیادا بکرێت

فۆتۆ: 
2019-09-22

2988 جار خوێندراوەتەوە

جۆو بایدن کاندیدی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی داهاتووی ئەمریکا، داوای کردووە لێکۆڵینەوە لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنی سەرۆکی ئەمریکا و هاوتا ئۆکرانیەکەی بکرێت.

بە گوێرەی میدیاکانی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا داوای لە سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە لێکۆڵینەوە لەبارەی ڕێکەوتنەکانی جۆو بایدن و کوڕەکەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا بکات لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا کە بایدن جێگری سەرۆکی وڵاتبووە.

بایدن ڕایگەیاند، ترەمپ دەسەڵاتەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە و ئەو کارەش بۆ ناشرینکردنی ناوبانگی ئەو دەکات.

لەلایەکی دیکەوە ترەمپ لە تویتێکیدا ڕەتیکردووەتەوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باسی لە تۆمەتەکانی بایدن کردبێت و زانیاری میدیاکانی لەوبارەیەوە بە هەواڵێکی ساختە ناویبردووە.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی پێشتر بڵاویکردەوە، ڕۆژی ٢٥ی تەمووز ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، داوایکردووە پەیوەندی بە رودۆڵف جولیانی پارێزەری تایبەتی ترەمپەوە بکات سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە دەوترێت بایدن لە ڕابردوودا هەڕەشەی لە حکومەتی ئۆکرانیا کردووە، بەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکابۆ ئەو وڵاتە ڕادەگرێت ئەگەر داواکارێکی گشتی لەکارەکەی دوورنەخرێتەوە کە لێکۆڵینەوە لە کۆمپانیایەکی گاز دەکات کە (هەنتەر)ی کوڕی بایدن کاری تێدا دەکات.