سەردێڕ:

تورکیا.. ٣٩٤ کۆچبەر دەستگیرکران

فۆتۆ: 
2019-09-20

3417 جار خوێندراوەتەوە

هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ٣٩٤ کۆچبەریان لە سێ پارێزگای تورکیا دەستگیرکرد کە لەهەوڵدابوون بەشێوەی نایاسایی رووبکەنە یۆنان.

میدیاکانى تورکیا بڵاویانکردەوە، ٢٤٥ کۆچبەر لەوانەى دەستگیرکراون هەڵگری رەگەزنامەی پاکستانی، ئەفغانی، بەنیگالی بوون لە گوندی ئورهانییە لەسەر سنووری یۆنان لە پارێزگای ئەدیرنە باکوری رۆژئاوای تورکیا، دەسگیرکران کە لە هەوڵدابوون بەشێوەی نایاسایی رووبکەنە یۆنان.

هاوکات وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانی کەنار دەریا لە پارێزگای ئیزمیرى باشوری تورکیا، ٣٠ کۆچبەریان لە کەناراوەکانی چەشمە لە دەریای ئیجە دەستگیرکردووە.

هاوکات هێزەکانی کەنار دەریای تورکیا ١١٩ کۆچبەریان لە کەناراوەکانی ئیواجیک لە پارێزگای چاناککا لە باکوری رۆژئاوای وڵاتەکە دەستگیرکردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژانە چەندین کۆچبەر لە تورکیا دەستگیردەکرێن کە دەیانەوێت لەسنورەکانى ئەو وڵاتەوە بۆ وڵاتانى رۆژئاوا کۆچبکەن بەهۆى خراپی دۆخى وڵاتەکانیانەوە.