سەردێڕ:

ئەمریکا ڤیزاى بە حەسەن روحانى و محەمەد جەواد زەریف دا

بۆ بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەى نەتەوە یەکگرتووەکان
فۆتۆ: 
2019-09-19

5212 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەرى ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، واشنتۆن ڤیزەى داوەتە هەریەک لە سەرۆک کۆمارى ئێران و وەزیرى دەرەوەى وڵاتەکە بە مەبەستى بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەیەکى نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئاژانسی هەواڵى رۆیەتەرز لە زارى میر یوسفى نوێنەرى ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردووەتەوە، پێدانى ئەو ڤیزایە بۆ ئامادەبوونى ئێرانە لە کۆبوونەوەى کۆمەڵەى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە شارى نیویۆرک بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەى بەوەشکردووە، بڕیارە سبەی هەینى کۆبوونەوەکە لە شارى نیویۆرکى ئەمریکا بەڕێوەبچێت و حەسەن روحانى سەرۆک کۆمارى ئێران و محەمەد جەواد زەریف وەزیرى دەرەوە بەرەو ئەمریکا بەڕێبکەون و بەشدارى لە کۆبوونەوەکە بکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە پەیوەندییەکانى ئەمریکا و ئێران لەئێستادا بە دۆخێکى ئاڵۆزداتێپەڕدەبێت و رۆژانە لێدوانى دژ  بەیەک دەدەن و هەنگاوی کردارییش دژى رێککەوتنە ئەتۆمییەکەیان دەنێن.