سەردێڕ:

نەتانیاهو: ​بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی داوایەک ​ئاڕاستەی ڕکابەرەکەی دەکات

فۆتۆ: 
2019-09-19

2222 جار خوێندراوەتەوە

بنیامین نەتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای لە بێنی گانتزی ڕکابەری کرد لەگەڵیدا حکومەتێکی هاوپەیمانی پێکبهێنن.

وتەبێژێکی بێنی گانتز سەرۆکی پارتی شین وسپی، ڕایگەیاند، داواکەی نەتانیاهو جێگەی سەرسوڕمانبووە و تا ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە.

بە گوێرەی ئەو وتەبێژە، نەتانیاهو داوای لەگانتز کردووە دەستبەجێ و هەر لەمڕۆوە حکومەتێکی یەکگرتوو دروستبکەن چونگە گەلی ئیسرائیل پێشبینی ئەو هەماهەنگییە دەکەن و دەیانەوێت بەو بەرپرسیارێتییە هەستین.

میدیاکان باس لەوەدەکەن، گۆڕانی ستراتیجی نەتانیاهو ئاماژەیە بۆ لاوازبوونی پێگەی نەتانیاهو دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوودا شکستی هێنا.

لەدوای هەڵبژاردنی گشتی ئیسرائیل کە مانگی نیسانی ڕابردوو ئەنجامدرا، نەتانیاهو دانوستانی لەگەڵ پارتە ڕاستڕەوەکانی وڵاتەکەیکرد و نەگەیشت بە هیچ ئەنجامێک.

بەو هۆیەوە ١٧ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی گشتی لەئیسرائیل بەڕێوەچوو کە هیچکام لە دوو پارتە سەرەکیەکە نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنن.

پێشتریش سەرۆکی پارتی ئیسرائیل بەیتـێنو کە باڵانسی هیزی لە هەڵبژاردنەکەدا ڕادەگرت، ڕایگەیاندبوو، تەنها بەو مەرجە ڕێگە بە نەتانیاهو دەدات کە بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات، کە لەگەڵ پارتی شین و سپی حکومەتێکی هاوپەیمانی پێکبهێنێت.