سەردێڕ:

لیبریا.. بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە ٢٧ منداڵی قورئانخوێن گیانیان لەدەستدا

فۆتۆ: 
2019-09-18

3771 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە، لە قوتابخانەیەکی ئیسلامی لە لیبریا ئاگر کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە لانیکەم ٢٧ منداڵی قورئانخوێن گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی میدیا جیهانییەکان، ئاگرەکە لە قوتابخانەی ئیسلامیی مۆنرۆڤیا کەوتووەتەوە، لەکاتێکدا منداڵەکان خەریکی قورئانخوێندن بوون.

موسا کارتەر وتەبێژی پۆلیس ڕایگەیاندووە، "منداڵەکان قورئانیان دەخوێند کاتێک ئاگرەکە کەوتووەتەوە،" باسی لەوەش کردووە، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بەهۆی کێشەیەکی کارەباییەوە بووە و لێکۆڵینەوەی زیاتریش لە ڕووداوەکە دەکرێت.

کارتەر بەر لە ڕاگەیاندنی ژمارەی ئەو منداڵانەی بە ئاگرەکە گیانیان لەدەستداوە وتبووی، ٣٠ منداڵ گیانیان لەدەستداوە.

جۆرج ویە سەرۆکی لیبریا لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، ئاگرەکە درەنگانێکی ڕۆژی سێ شەممە لە مۆنرۆڤیای پایتەختی لیبریا کەوتووەتەوە، هەر لە تویتەکەیدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی منداڵەکان کردووە.

سەرۆکی لیبریا وتووشیەتی، "ڕووداوەکە بۆ خانەوادەی قوربانییەکان و هەموو لیبریا سەختە."

لە شارە گەورەکانی لیبریا سوتان و گڕگرتنی باڵەخانەکان بەهۆی کێشەی کارەباییەوە شتێکی باوە، بەڵام بە دەگمەن ڕووداوی مەرگەساتباری لەو شێوەیەی لێ دەکەوێتەوە.

لیبریا زۆرینەی دانیشتووانەکەی مەسیحین، کە زیاتر لە ٨٥%ە و ڕێژەی موسڵمانانیش تیایدا زیاتر لە ١٢% دەبێت.