سەردێڕ:

​بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانى هەڵبژاردنەکەى ئیسرائیل ​ناتانیاهو شکستیهێناوە

هەڵبژاردنەکانى ئیسرائیل
فۆتۆ: 
2019-09-18

3288 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل کە ڕۆژی سێشەمە ١٧ی ئەیلول بەڕێوەچوو، ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل شکستی هێناوە و نەیتوانی زۆرترین دەنگ بۆخۆی مسۆگەر بکات لەبەرامبەر بێنی گانتزی ڕکابەریدا.

بەپێی ئەنجامە بەراییە نافەرمییەکان، چاوەڕوان دەکرێت حیزبی ڕاستڕەوی "لیکۆد" بە ڕابەری بنیامین ناتانیاهۆ نزیکەی ٣١ تا ٣٣ کورسی پەرلەمان بۆخۆی مسۆگەربکات و هەروەها حیزبی ڕاستڕەوی " شین و سپی " بە ڕابەری بێنی گانتز نزیکەی ٣٢ تا ٣٤ کورسی پەرلەمان مسۆگەربکات.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هێشتا ئەنجامە فەرمییەکانی بڵاونەکردۆتەوە.

لەهەڵبژاردنەکانی مانگی نیسانی ئەمساڵدا، هەرچەندە حیزبی لیکود زۆرینەی کورسییەکانی مسۆگەرکردبوو بەڵام لەکۆتایدا ناتانیاهۆ سەرکەوتوو نەبوو لە دروستکردنی حکومەتی هاوپەیمانی و نەیتوانی ڕێژەی یاسایی٦١ کورسی لە کۆی ١٢٠ کورسی پەرلەمان کۆنترۆڵ بکات.

هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل کە ڕۆژی سێشەممەی ١٧ی ئەیلول بەڕێوەچوو چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی چوارشەمە ١٨ی ئەیلول ئەنجامە فەرمییەکان بڵاوبکرێنەوە و ڕابەرانی حیزبە جیاوازەکان ڕاوێژیان پێدەکرێت لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.

هەندێک لە چاودێران پێشبینی دەکەن ئۆریگدۆر لیبرمان، وەزیری بەرگری پێشوو و ڕابەری حیزبی ڕاستڕەوی " ئیسرائیل ماڵی ئێمەیە" لەم ڕێککەوتنانەدا ڕۆڵێکی چارەنوس ساز بەرپابکات، لیبرمان هەرچەندە ڕاستڕەوە بەڵام لەگەڵ ناتانیاهۆدا بیروبۆچونی جیاوازیان هەیە.

ناتانیاهۆ لە کەمپینی هەڵبژاردنەکاندا جەختی کردەوە کە ئاسایشی ئیسرائیل لە پێش هەموو شتێکەوەیە و هەفتەی رابردوو لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بۆ ڕاکێشانی زۆرترین دەنگ پەیمانیدا ئەگەر دووبارە دەسەڵات بگرێتەوە دەست ئەوا ناوچەکانی ڕۆژئاوای دۆڵی ئوردن بخاتە سەر نەخشەی ئیسرائیل.