سەردێڕ:

کۆیە.. شەقامی دووسایدی مام جەلال سێ ساڵە تێکچووە و نۆژەن نەکراوەتەوە

دوای تێکچوونی ناوەکەى گۆڕاوە بۆ دووسایدی فیدراڵیی
فۆتۆ: 
2019-09-17

2667 جار خوێندراوەتەوە

شەقامی دووسایدی مام جەلال لە کۆیە سێ ساڵە تێکچووە و نۆژەن نەکراوەتەوە و قایمقامیش دەڵێت، بە پاساوى کێشەی یاسایی حکومەت هیچ بڕە پارەیەکی بۆ تەرخان نەکردووە.

شەقامی دووسایدی مام جەلال لە کۆیە تەنیا یەک ساڵ بەبێ کێشە هاتوچۆ بەسەریدا کرا و، دواتر چاڵ و چۆڵی تێکەوت و لە ماوەیەکی کەمدا تەواوی قیرەکەی لەیەکتر هەڵوەشایەوە.

شوفێران نیگەرانن کە سێ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر تێکچوونی شەقامەکەدا و تا ئێستاش نۆژەن نەکراوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی پەیدابوونی تەپوتۆزی زۆر و بڵاوبوونەوەی بەسەر ئەو ماڵانەی کە نزیک شەقامەکەن و شوفێرانیش نیگەرانن.

شەقامەکە درێژییەکەی نزیکەی ۳ کیلۆمەترە و بڕی ۲۰۰ ملیۆن دینار لە دروستکردنیدا خەرجکرا.

تاریق حەیدەری قایمقامی پێشووی کۆیە کاتێک کە قایمقامی شارەکە بوو لەسەر تێکچوونی شەقامەکە سکاڵای لەسەر کۆمپانیای جێبەجێکار و لیژنەی سەرپەشتیار تۆمارکرد.

لە دوای سکاڵاکەی قایمقام هیمداد مەجید سەرۆکی شارەوانیی کۆیە یەکێکبوو لەو کەسانەی بانگهێشتی دادگا کرا، دەڵێت هۆکاری تێکچوونی ڕێگاکە ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەربوو، چونکە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان بەسەر ئەو شەقامەدا هاتوچۆیان دەکرد.

قایمقامی ئێستای کۆیە بە نوسراو داوای لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە تا بودجەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو ڕێگایە تەرخانبکات، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران بە پاساوى کێشەی یاسایی لەسەر شەقامەکە، هیچ بڕە پارەیەکی تەرخان نەکردووە.

یوسف حەسەن قایمقامی کۆیەش دەڵێت، کەیسی شەقامی مام جەلال لە دادگا داخراوە و کۆتاییهاتووە، بۆیە دووبارە نوسراویان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزکردووەتەوە تا بودجە بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقامەکە تەرخانبکرێت.

هەرچەندە لە سەرەتادا شەقامە دووسایدەکە بە ناوی مام جەلالەوە ناونرا، بەڵام دوای تێکچوونی شەقامەکە ناوەکە گۆڕا بۆ دووسایدی فیدراڵیی.