سەردێڕ:

شەش ساڵە هەرێم یاسای بودجەی نییە

فۆتۆ: 
2019-09-17

2346 جار خوێندراوەتەوە

شەش ساڵە هەرێم یاسای بودجەی نییە و هەوڵەکانیش بۆ ئامادەکردنى رەشنووسى پرۆژە یاساى بودجە دیا رنیە و ئەگەریش هەیە ببێتە هۆى بڕینى بەشەبودجەى هەرێم لە بەغداد.

کێشەکانی هەرێم و بەغدا، یەک و دوان نین، هەر ڕۆژە و کێشەیەک دەبێتە مۆتەکە و هاوڵاتیان دەخاتەوە خەمى موچەکانیان کە ئاخۆ جارێکی دیکە نیو موچە و چارەکە موچە وەردەگرنەوە یا نا؟

یەکێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان نەبوونی یاسای بودجەیە، کە نازانرێت چۆن و لەچیدا پارەی هەرێم خەرج دەکرێت، هەروەها نەبوونی یاسای بودجە لە ئیستادا وەک بەربەستێک لەبەردەم جێگیرکردن و دابینکردنی پشکی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو دادەنرێت.

نزیکەی شەش ساڵە هەرێم یاسای بودجەی نییە و نازانرێت کەی حکومەت جارێکى تر بودجەى گشتیى دەنێرێتە پەرلەمان تا پەرلەمانیش بیکاتە یاسا، هەرچەندە یەکێک لە باسە گەرمەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان یاسای بودجەیە، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکان بۆ ئامادەکردنى رەشنووسى پرۆژە یاساى بودجە دیار نیە.

بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی لە ماددەی یەکەم بڕگەی هەشتەم ئەوە خراوەتە ڕوو، کە دەبێت حکومەتی هەرێم خاوەنی یاسای بودجەی خۆی بێت و دەبێت لەلایەن پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە پەسەند بکرێت و لەلایەن وەزارەتی دارایی و پلاندانانەوە وردبینی بۆ بکرێت و لە یاسای بودجەی حکومەتی فیدڕاڵیدا جێگەی بکرێتەوە.

لە ئەگەری نەبوونی یاسای بودجەدا بۆ ساڵی داهاتوو، دیوانی چاودێری دارایی، پەرلەمان و پەرلەمانتارانی عێراق، دەتوانن یاسا هەموارکراوەکەی بەڕێوەبردنی دارایی لە دژی هەرێم بەکاربهێنن و پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیدا ببڕن.

چی دەبێت ئەگەر بودجەی هەرێم ببڕدرێت؟

بەپێی قسەی لایەنە بەرپرسەکانی هەرێم، داهاتی ناوخۆ مانگانە ١٥٠ ملیار دینارە، بڕی پارەی فرۆشتنی نەوتی مانگانەی هەرێم بە بۆری و تانکەر ٧٠٠ ملیار دینارە، و لە دوای مانگی چواریشەوە مانگانە ٤٥٤ملیار دینار لە بەغدادەوە دێتە هەرێم، مانگانە ئەمریکیەکانیش ٣٠ ملیار دینار دەنێرن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە واتە کۆی داهاتی مانگانەی هەرێم ترلیۆنێک و ٣٣٤ ملیار دینارە، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش پێویستی بە ٨٨١ ملیار دینارە، خۆ ئەگەر هەرێم و بەغدا ڕێکنەکەون و پشکی هەرێم لە بودجی گشتیدا ببرێت، ئەوا ٤٥٤ ملیار دینار لەو ترلیۆن و ٣٣٤ ملیار دینارە کەم دەکات، واتە هەرێم لە ترلیۆنێک و ٣٣٤ ملیار دینارەوە دەبێتە خاوەنی 880 ملیار دینار و بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانیش یەک ملیار دیناری کەم دەبێت، ئەمە جگە لە شایستە داراییەکانى ئەو کۆمپانیا نەوتیانەى کە هێناویانەتە هەرێم و هەروەها هەندێک مەسرەفى تریش، لەم حاڵەتەشدا دیار نییە حکومەتی هەرێم چۆن موچەی فەرمانبەرانی دەدات، ئایا جارێکی دیکە سیستمی پاشەکەوت پەیرەو دەکاتەوە یاخود بیر لە ڕێگە چارەى دیکە دەکاتەوە؟