سەردێڕ:

تونس.. سەرۆکى پیشوو شکستهێنانى لە هەڵبژاردنى وڵاتەکەدا ڕاگەیاند

فۆتۆ: 
2019-09-17

1685 جار خوێندراوەتەوە

مونسف مەرزقى سەرۆکى پیشووترى تونس شکستهێنانى لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى وڵاتەکەدا ڕاگەیاند دواى ئەوەى نەیتوانى ڕێژەى دەنگى پێویست بەدەستبهێنێت و بەشدارى خولى دووەمى هەڵبژاردنەکە بکات.

مەرزقى لە نامەیەکیدا بۆ ڕاى گشتى، کە لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى تویتەر بڵاویکردووەتەوە، نوسیوویەتى، "تەواوى بەرپرسیارێتى شکستهێنانم لە هەڵبژاردنەکەدا دەخەمە ئەستۆى خۆم لەبەرئەوەى نەمتوانیوە وەک پێویست بەرنامەى چوار ساڵى ئایندەم بە دەنگدەران ئاشنابکەم."

ئەوەش دواى ئەوە هات کە بەپێى ئەنجامە سەرەتاییەکانى سەرۆکایەتیى تونس هەردوو کاندید (نەبیل قورەوى و قەیس سەعید) دەنگى پێویستیان بەدەستهێناوە سەعید لەسەدا ١٨ و پۆینت چوار بە پلەى یەکەم و قورەویش لەسەدا ١٥ و پۆینت ٥٨ بەپلەى دووەم، گەیشتوونەتە قوناغى دووەم بۆ کێبڕکێکردن لەسەر بەدەستهێنانى پلەى یەکەم و براوەى هەڵبژاردنەکە.

ئاژانسى فرانس پرێس بە پشتبەستن بە ڕاى چاودێران و ڕاپرسییەکان بڵاویکردووەتەوە، قەیس سەعید پێش ڕکابەرەکەى کەوتووە و لە لێدوانێکیشیدا قەیس سەعید ئاماژەى بەوە کردووە، بەرپرسیارێتیى گەورە لە بەرانبەر گەلى تونس چاوەڕێیان دەکات تا لە بێهیواییەوە بەرەو گەیشتن بە هیوا و ئاوات، لە بێکارییەوە بۆ کارکردن هەنگاو بنێن.

محەمەد مونسف مەرزوقى تەمەن ٨٤ ساڵ نووسەر و کەسایەتییەکى سیاسیىە، دژى دەسەڵاتى زەیەن بن عابدینى سەرۆکى پیشووترى تونس بووە، لە ساڵانى ٢٠١١ بۆ ٢٠١٤ سەرۆک کۆمارى تونس بووە و یەکەم سەرۆکە لە وڵاتانى عەرەبى کە بە شێوەى دیموکراسى و هەڵبژاردن بێتە سەر دەسەڵات و بە دیموکراسى و هەڵبژاردنیش دەسەڵات ڕادەست بکات.