سەردێڕ:

خامنەیی: لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆى دوو قۆڵى ناكەین

فۆتۆ: 
2019-09-17

1761 جار خوێندراوەتەوە

عەلى خامنەیى گفتوگۆى دوو قۆڵى لەگەڵ ئەمریکا رەتکردەوە و رایگەیاند، رازى بوون بە گفتوگۆ بە واتاى سەرکەوتنى سزاکانى ئەمریکایە.

کەناڵی فەڕمی ئێران لە زاری ڕابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەییەوە بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئێران لە هەموو ئاستەکاندا هەرگیز لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکادا گفتوگۆ ناکەن.

ووتیشى، ئەوە بەشێکە لە سیاسەتی ئەمریکا بۆ فشارخستنە سەر ئێران، سیاسەتی سەپاندنی توندترین فشار کە پەیڕەوی دەکەن شکست دەهێنێت.

خامنەئی ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەگەر ئەمریکا هەڵسوکەوتەکانی بگۆڕێت و بگەڕێتەوە سەر ڕێککەوتنە ناوەکییەکە ئەوا دەتوانن بەشدار بن لە کۆبوونەوەیەکی نێوان لایەنەکانی بەشدار لە ڕێککەوتنە ناوەکییەکەدا.

بەوتەى خامنەیی، ئەگەر ڕازی ببن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکادا بکەن ئەوا دەریدەخات کە سیاسەتی سەپاندنی توندترین فشار بەسەر تاراندا سەرکەوتوو بووە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئەگەری ئەوە هەیە لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی هاوتا ئێرانییەکەیدا لەمیانەی کۆبونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆببێتەوە.