سەردێڕ:

داعش پەیامێکی ئەبو بەکر بەغدادی بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2019-09-17

13501 جار خوێندراوەتەوە

 بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕێکخراوی داعش پەیامێکی دەنگی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا هۆشداری ئەنجامدانی "هێرشی ڕۆژانە"ی ڕێکخراوەکە دەدات.

ئاژانسەکە باس لەوەدەکات، ئەو تۆمارە دەنگییەی داعش لە ڕێگەی ماڵپەڕێکییەوە بڵاویکردووەتەوە کە ماوەی تۆمارە دەنگییەکە ٣٠ خولەکە،  تیایدا پیاوێک کە بە وتەی ڕێکخراوی داعش،  ئەبو بەکر بەغدادییە، هۆشداری دەدات لەوەی "چەکدارانی داعش لە هەموو بەرەکانەوە هێرشی ڕۆژانەیان دەبێت".

هەروەها داوای شوێنکەوتوانیشی کردووە کە "ئەو ژنانە ئازاد بکەن کە لە کەمپەکانی عێراق و سوریا لەدوای تێکشکاندنی ڕێکخراوەکە دەستبەسەرکراون."

بە شوێنکەوتوانیشی وتووە "ئەگەر نەیانتوانی بە زەبری هێز زیندانیکراوان ئازاد بکەن ئەوا با لە ڕێگەی بەخشینی پارەوە ئازادیان بکەن و دوودڵ نەبن لەوبارەیەوە، هەروەها هێرشبکەنە سەر لێکۆڵەرەوان و دادوەران".

لە بەشێکی دیکەی تۆمارە دەنگییەکەدا بەغدادی ڕایگەیاندووە "ئەمریکا و هێزە وەکیلەکانی لە عێراق و ئەفغانستان شکستیان هێناوە".

ئەمە بە یەکەم پەیامی ئەبوبەکر بەغدادی دادەنرێت لە مانگی نیسانی ڕابردووەوە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ لایەنێک ڕاستی و دروستی ئەو پەیامە دەنگییەی دووپاتنەکردووەتەوە.