سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تى هەوڵەکان بۆ لێپرسینەوە لە وەزیرى دارایی عێراق بڵاودەکاتەوە

چەند وەزیرێک بانگهێشتى پەرلەمان دەکرێن
فۆتۆ: 
2019-09-16

7676 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ دەستپێکردنى وەرزی دووەمی یاسادانان، پەرلەمانی عێراق خۆی بۆ وەرزێکی نوێ و کۆمەڵێک پرسی گرنگ و ئاڵۆز ئامادە دەکات و، ئێن ئاڕ تیش هەوڵەکان بۆ لێپرسینەوە لە وەزیرى دارایی عێراق ئاشکرا دەکات.

ئەگەرچی ھێشتا پەرلەمانى عێراق لە سەرەتای وەرزی دووھەمی یاسادانانە، بەڵام لێپێچینەوە لە وەزیرەکانی عادل عەبدولمەھدی باسی گەرمی نێوان لایەنەکانە و، ئەندامێکی ڕەوتی حیکمەش دەڵیت چاوپۆشی لە ھیچ وەزیرێک ناکرێت.

عەلی عەبود ئەندامی رەوتی حیکمە ئاماژە بەوە دەکات، لەم وەرزەدا بەشێک لە وەزیرەکان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و بەشێکیان بەو هۆیەوە دەستلەکاردەکێشنەوە، بۆ نمونە وەزیرى تەندروستى.

ھەرچەندە تا ئێستا ناوی ھیچ وەزیرێک بە فەرمی نەگەیشتووەتە دەست پەرلەمان، بەڵام ئێن ئاڕ تى زانیوویەتی کە ھاوپەیمانیی چاکسازی، کە سائیرون سەرۆکایەتیی دەکات، مەلەفی ھەردوو (وەزیری دارایی و وەزیری نەوتی عێراق)ی ئامادەکردووە بۆ لێپێچینەوە و، ھەریەکە لە وەزیرەکانی (کشتوکاڵ و کارەبا و گواستنەوەی عێراق) لەسەر چەند مەلەفێکی جیاجیا لەلایەن ھاوپەیمانیی بونیادەوە بۆ لێپێچینەوە بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێن، بەشێک لە پەرلەمانتارانیش پێیانوایە ئەم جۆرە لە بانگھێشتکردن سیاسییە.

سەلیم شوشکەیی سەرۆکی فراکسیونی کۆمەڵ دەڵێت، دەبێت رۆڵى پەرلەمان لەوە گەورەتر بێت و نابێت هیچ کەسێک بە ئامانجى سیاسی بانگهێشت بکرێت، بەڵام بەشێکیان راستین و کۆمەڵێک دۆسیەیان لەسەر دروستبووە.

لەکاتی پێکھێنانی کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی ماوەی ساڵیک دیاریکرا وەک مۆڵەت بۆ وەزیرەکانی کە چاکسازی بکەن، بەڵام ماوەکە تێپەڕی و ھیچ وەزیرێک تا ئێستا لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکراوە، ئەمە لەکاتێکدایە، لە خولەکانی ڕابردوودا بەردەوام وەزیر بانگھێشتی پەرلەمان کراوە بۆ لێپێچینەوە و چەند وەزیرێکیش دوورخراونەتەوە.



‌بەپەلە