سەردێڕ:

عەبدولمەهدى و پۆمپیۆ تاوتوێی هێرشى سەر پاڵاوگە نەوتییەکانى سعودیەیان کرد

فۆتۆ: 
2019-09-16

1643 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانى عێراق و وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لەبارەى هێرشى سەر پاڵاوگە نەوتییەکانى سعودیە گفتوگۆیان کرد.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانى عێراق لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەى بەوەکردووە، لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، عادل عەبدولمەهدی و مایك پۆمپیۆ بەوردی سەبارەت بە رەوشی سیاسی و ئەمنی ناوچەكە گفتوگۆیان كردووە، هەروەها جەختیانكردووەتەوە لەسەر پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا.

هاوکات عادل عەبدولمەهدى جەختیکردوەتەوە کە حکومەتەکەى رێگە نادات لە خاکەکەیەوە هێرش بکرێت سەر هیچ وڵاتێکى دراوسێى.

هەر بەپێی راگەیەنراوەکە، پۆمپیۆ باسیلەوەکردوە کە زانیارییەکانى ئیدارەى کۆشکى سپى ئەوە پشتراستدەکەنەوە کە لە عێراقەوە هێرش نەکراوەتە سەر دوو پاڵاوگە نەوتییەکەى سعودییە.

پەیوەندییە تەلەفۆنیەکە دواى دوو رۆژ دێت لە هێرشکردنە سەر دوو پاڵاوگەى نەوتى سعودیە، هەرچەندە حوسیەکانى یەمەن بەرپرسیارییەتى هێرشەکەیان گرتە ئەستۆ، بەڵام باس لەوەکرا کە هێرشەکە لە خاکى عێراقەوە کراوە، دواتریش نوسینگەى عادل عەبدولمەهدى دەنگۆکەى رەتکردەوە.