سەردێڕ:

پێنجەم لوتکەی ڕوسیا و تورکیا و ئێران بەڕێوەدەچێت

دۆخی ئیدلب تاووتوێ دەکرێت
فۆتۆ: 
2019-09-16

1465 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ پێنجەمین لوتکەی سێ قۆڵیی نێوان ڕوسیا و تورکیا و ئێران لە شاری ئەنقەرەی تورکیا بەڕێوەدەچێت.

ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی ڕوسیا و حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران دەگەنە توركیا و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی ئەو وڵاتە، کۆبوونەوەیەکی دیکەی لوتكەی هاوبەشی ئێران و توركیا و ڕوسیا دەربارەی دۆسیەکانی تایبەت بە قەیرانی سوریا و ڕێگەچارەسەرەکانی بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە لە کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ڕوسیا و تورکیا و ئێران تاووتوێی دۆخی سوریا بە گشتی و پێکهێنانی ناوچەی ئارام و هێرشەکانی ئەم دواییەی حکومەتی سووریا بۆسەر ئیدلب بکرێت.

ئیدلب دواین پێگەی بەهێزی چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانە لە سوریا کە هێشتا لە لایەن حکومەتی سوریاوە کۆنتڕۆڵ نەکراوە. ڤلادمیر پوتین و حەسەن رۆحانی سەرۆکانی رووسیا و ئێران، لە ماوەی ‌هەشت ساڵی جەنگی سووریا، پاڵپشتی رژێمەکەی بەشار ئەسەدیان کردووە، هەرچی ئەمەریکا، ئەوروپا، تورکیا و هاوپەیمانی عەرەبییە، پاڵپشتی هێزی جیاوازیان لە سووریا کردووە.

دوو ساڵ لەمەوبەر، مۆسکۆ و ئەنقەرە رێککەوتن کە تورکیا ١٢ بنکەی سەربازیی تایبەت بە چاودێرکردن لە باکوری رۆژئاوای سووریا دابمەزرێنێت و رێگری لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی حکومەت و گروپە چەکدارەکان بکرێت، بەڵام سەرەڕای بوونی ئاگربەست، بۆردومانکردنی ئیدلب بەردەوامە.

ئەم کۆبوونەوە سێ قۆڵیە پێنجەم کۆبوونەوەی هەرسێ وڵاتە، لە کاتێکدا یەکەم کۆبوونەوەیان لە سوچی ڕوسیا لە تشرینی دووەمی ٢٠١٧ دا بەڕێووەچوو.