سەردێڕ:

چەمچەماڵ.. باوکێک لەپێناو ڕزگارکردنی کوڕەکەیدا گیانی بەختکرد

فۆتۆ: 
2019-09-15

30167 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، چەمچەماڵ، ڕزگار جەبار

دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو باوکێک و کوڕە هەرزەکارەکەی لە بەنزینخانەیەکی شاری چەمچەماڵ ئاگر لەجەستەیان بەربوو، ئەمڕۆ باوکی بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

"کارزان حەمەخان" تەمەن ٣٦ ساڵ، کە خاوەنی چوار منداڵە دوو کچ و دوو کوڕ، بۆ ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵ وەکو کرێکار لە بەنزینخانەی گەرمیان لە چەمچەماڵ کاریدەکرد تا ئەوکاتەی ڕۆژی دووشەمەی ڕابردوو (٩ی ئەیلولی ٢٠١٩) کوڕە ١٣ ساڵانەکەی بەناوی " پەیوەند کارزان"  لەکاتی کارکردندا ئاگر لە جەستەی بەردەبێت و باوکی دەیەوێت ڕزگاری بکات بەڵام ئاگر لە جەستەی ئەویش بەردەبێت.

ئەیوب حەمە جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چەمچەماڵ بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەوە %٣٥ ی جەستەی کوڕەکە و %٩٠ ی جەستەی کارزان سوتاوە.

بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتانەکەیەوە کارزان ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی دەکرێت و پاشان بەهۆی ناجێگیری باری تەندوستییەوە رۆژی ١٢ی ئەیلولی ٢٠١٩ بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی تورکیا کراوە.

ئەمرۆ  کەسوکاری کارزان لە تورکیاوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێین ئاڕ تییان ڕاگەیاند، بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستداوە و و سبەینێ لەڕێگەی فڕۆکەخانەی تورکیاوە تەرمەکەی ڕەوانەی کوردستان دەکرێتەوە.

 وریا حەمەخان برای کارزان مردنەکەی کارزانی برای پشتڕاستکردۆتەوە

‌بەپەلە