سەردێڕ:

سى ئێن ئێن: هێرشەکانى سەر سعودیە لەڕێگەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەبووە کە لەعێراقەوە هەستاون

عێراق رەتیدەکاتەوە خاکەکەى بۆ هێرشکردنە سەر سعودیە بەکارهاتبێت
فۆتۆ: 
2019-09-15

6610 جار خوێندراوەتەوە

 کەناڵى سى ئێن ئێن-ى ئەمریکى ئاشکرایکرد، ئەو هێرشانەى دوێنێ کرانە سەر دوو کارگەى گەورەى سەربەکۆمپانیاى ئارامکۆ لەسعودیەو حوسییەکانى یەمەن بەرپرسیارێتى خۆیان بەرامبەر نیشاندا، لەخاکى عێراقەوە ئەنجامدراوە.

کەناڵەکە لەزارى سەرچاوەیەکى ئاگادار لەلێکۆڵینەوەکان لەهێرشەکە بڵاویکردۆتەوە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانى گەیشتونەتە ئەو باوەڕەى کە ئەو هێرشانە لەڕێگەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەوە بووەو لەیەمەنەوە هەڵنەستاون بەڵکو لەعێراقەوە هەستاون.

لاى خۆیەوە مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لەهەژمارى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر ئاماژەى بەوە کردووە کە هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەى کە بەئامانجگرتنى ئەو دوو کارگەیە لەهەردوو پارێزگاى بەقیق و هەجرە خەریس لەیەمەنەوە ئەنجام درابێت.

رۆژنامەى واڵ ستریت جۆرناڵیش جەختى کردۆتەوە کە پسپۆڕانى سعودى و ئەمریکى لێکۆڵینەوە لەئەگەرى بەکارهێنانى موشەکى کرۆز دەکەن کە لەعێراق یان ئێرانەوە هاوێژرابن.

هەر سەبارەت بەدەنگۆکانى بەکارهێنانى خاکى عێراق، نووسینگەى راگەیاندنى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق لەبەیاننامەیەکدا، هەموو ئەو زانیاریانەى رەتکردەوە کە باس لەبەکارهێنانى خاکى عێراق دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتیەکانى سعودیە لەڕێگەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەوە.

لەبەیاننامەکەدا هاتووە کە عێراق جەخت لەپابەندى دەستوورى خۆى دەکاتەوە بۆ رێگریکردن لەبەکارهێنانى خاکەکەى بۆ هەر دوژمنکاریەک بەرامبەر دراوسێکانى و براو هاوڕێکانى، هەروەها جەختیکردۆتەوە کە حکومەتى عێراق بەتوندى مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەوانە دەکات کە هەوڵدەدەن دەستور پێشێل بکەن و لیژنەیەکیش دروستکراوە لەلایەنە عێراقییە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوونى زانیارى و پێشهاتەکان.

‌بەپەلە