سەردێڕ:

گەنجێکی ئەمریکی لەگەڵ زیاتر لە ٧٠ جۆر ئاژەڵی کێوی و دڕندە ژیان دەباتەسەر

تارزانی ڕاستەقینە لەگەڵ مەیمونەکانى
فۆتۆ: 
2019-09-14

11719 جار خوێندراوەتەوە

گەنجێکی ئەمریکی لەگەڵ زیاتر لە ٧٠ جۆر ئاژەڵی کێوی و دڕندە ژیان دەباتەسەر و بە تارزانی ڕاستەقینە ناوى دەرکردووە.

زۆربەمان ناوی تارزان و ئەفسانەی تارزانمان بیستووە و لە فیلمەکاندا بینیومانە، بەڵام ئەمەی دەیبینن تارزانی ڕاستەقینەیە و زۆر زیاتر لە تارزانی ئەفسانە دۆست و هاوڕێی ئاژەڵە دڕندەکانە و هەر کەسێک لە نزیکیشەوە سەردانی بکات باوەڕ بەو دیمەنە ناکات کە چاوەکانی  دەیانبینێت.

کۆدی ئانتڵ گەنجێکی ئەمریکییەوە لەگەڵ زیاتر لە ٧٠ جۆر ئاژەڵی کێوی و دڕندەدا دەژی کە هەموو ژیانی لەگەڵ ئەواندا بەسەردەبات، کە بە هاوڕێکانی ناویاندەبات.

ئاژەڵەکانی کۆدی تەنها ئاژەڵێکی ئاسایی نین، بەڵکو کۆدی و هاوڕێکانی پێکەوە کارەکانی ڕۆژانە دەکەن و گفتوگۆ دەکەن یاری و وەرزش و هەندێکجار بازاڕیش پێکەوە دەکەن،

کۆدی نەک تەنها خۆی بەڵکو هەموو ئاژەڵە دڕندەکانیشی کردووە بە هاوڕێی یەکتر و هیچیان بێ ئەوی تریان ئیدارە ناکەن.

پڵنگی سایبیری، سەگی کێوی، مەیمون، فیلی زەبەلاح، شێر و دەیان ئاژەڵی دڕندە دەوری کۆدیان داوە و پێکەوە کێبڕکێیانە لەسەر ئەوەی کامیان یاری لەگەڵ کۆدیدا بکەن.

کۆدی هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی ئەوەی کردووە جارێکی تر رۆحی تارزان لە جەستەی خۆیدا زیندوو بکاتەوە، بەڵام ئەمەی ئێستا کۆدی دەیکات زۆر لەو ئەفسانەیە زیاترە کە تارزانی پێ ناسراوە.

کۆدی ڕۆژانە لە کێڵگەکەی خۆی سەرجەم کارەکانی  لەگەڵ ئاژەڵەکانیدا دابەشکردووە بەڵام بەدەر لە هەموو ئاژەڵەکانی دیکە مەیمونەکانی کۆدی ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە راپەڕاندنی کارەکانی ناوماڵ و کێڵگەکە.

مەیمونەکانی کۆدی بەیانیان لەگەڵ لەخەو هەستان دەچنە حەمام و خۆیان دەشۆن پاش خواردنی نانی بەیانی دەستدەکەن بە ئەرکەکانیان وەک شۆردنی ئاژەڵەکان ڕاکێشانی ئاو بۆ کێڵگەکە ئامادەکردنی بەلەم بۆ ڕاوەماسی.

و تەنانەت بازاڕکردنیش کۆدی و مەیمونەکانی پێکەوە وەرزش دەکەن وهەموو کات پێکەوەن کۆدی دەڵێت مەیمونەکانم باشترین هاوڕێمن لە کێڵگەکەدا ئەوان هەست بە بەرپرسیارێتیی دەکەن زۆربەی کارەکانم بۆ جێبەجێ دەکەن بێ ئەوەی پێیان بڵێم.

هەمیشە دڵخۆشم دەکەن قسەم لەگەڵ دەکەن و ئەگەر ئاژەڵەکانی تریش گرفتیان هەبێت ئەمان بۆیان چارەسەر دەکەن.

کۆدی ڕۆژانە یاری لەگەڵ سەرجەم ئاژەڵەکانی دەکات و هەندێک جاریش خۆیان لێدەشارێتەوە و وەک ئەوان مامەڵە دەکات و ئەوانیش هەموو کات بە کۆدی دڵخۆشن.

ئەم کیڵگەیەی کۆدی ناونراوە ماڵی خێزانە خۆشبەختەکە چونکە لە یاری و گاڵتە و گەپ و کارکدنی دەستەجەمعی گوێت لە نیگەرانیی و ناخۆشیی نابێت.

کۆدی دەیەوێت بەم کارەی بە مرۆڤایەتیی بلێت ئەگەر ئێوە ئەرکی خۆتان کە مرۆڤبوونە بەجێبگەیەنن ئاژەڵەکان ئەگەر چی دڕندەش بن دەتوانن ببنە باشترین هاوڕێ و هاوبەشتان و پێکەوە چیرۆکە ئەفسانەیی و فیلمە سینەماییەکانی تایبەت بە هاوڕێەتی ئاژەڵ و مرۆڤ بەرجەستە بکەن لە ژیانی ڕۆژانەماندا.