سەردێڕ:

ترەمپ: کوڕەکەی ئوسامە بن لادن لە ئۆپراسیۆنێکی ئەمریکادا کوژراوە

فۆتۆ: 
2019-09-14

3338 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کوژرانی هەمزە بن لادن کوڕی ئوسامە بن لادنی پشتڕاستکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، لە ئۆپراسیۆنێکی ئەمریکادا کوژراوە.

کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "هەمزە بن لادن ئەندامی باڵای قاعیدە و کوڕی ئوسامە بن لادن، لە ئۆپراسیۆنێکی دژەتیرۆری ئەمریکادا لە هەرێمێکی ئەفغانستان وپاکستاندا کوژراوە."

کۆشکی سپی ڕایشیگەیاندووە، "هەمزە بن لادن بەرپرسیاربووە لە داڕشتنی پلان و مامەڵەکردن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە گروپە تیرۆریستییەکاندا."

ئەوەش لەکاتێکدایە کە مانگی ئابی ڕابردوو دەنگۆی کوژرانی هەمزە بن لادن بڵاوکرایەوە و ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاندبوو، قسەیان لەگەڵ دوو بەرپرسدا کردووە و کوژرانی هەمزە بن لادنیان پشتڕاستکردبوەوە و باسیشیان لەوە کردبوو کە ئەمریکا ڕۆڵی هەبووە لە ئۆپراسیۆنەکەدا "بەڵام ڕوون نەبوو کە چۆن ڕۆڵیان هەبووە."

لە بەرامبەر پرسیاری ئەو دەنگۆیانەی پێشوویشدا، دۆناڵد ترەمپ ڕەتیکردەوە لێدوان بدات.

هەمزە بن لادن تەمەنی لە دەوروبەری ٣٠ ساڵیدا بووە و ١٥هەمین منداڵی ئوسامە بن لادن بووە لە ٥٦ منداڵ و پێشتریش ئوسامە بن لادن لە ساڵی ٢٠١١ دا لە هێرشێکی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکادا کوژراوە.

هەمزە بنلادن لەدوای مردنی باوکی بوو بە کەسایەتییەکی دیاری قاعیدە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاندبوو، ناوبراو "هەڕەشەی هێرشی دژ بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیی کردووە."

پێشتر هەمزە بنلادن لەڕێگەی پەیامی دەنگی و ڤیدیۆییەوە داوای ئەنجامدانی هێرشی کردووە و داوای لە شوێنکەوتووانیان کردووە :لە هەڵبژاردنی ئامانجەکانیاندا نایاب بن، بۆئەوەی زیانی زۆر لە دوژمنەکان بدەن."

سەرەتای ئەمساڵیش ئەمریکا بڕی یەک ملیۆن دۆلار پاداشتی تەرخانکرد بۆ هەرکەسێک شوێنی هەمزە ئاشکرابکات، کە شوێنەکەی نەزانراو بووە، بەڵام باوەڕ وابووە کە لە ئەفغانستان یان پاکستان خۆی حەشاردابێت.