سەردێڕ:

ئەمریکا زانیاری نوێ لەبارەی هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەرەوە ئاشکرا کرا

فۆتۆ: 
2019-09-13

5785 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند، ناوی ئەو کەسایەتییەی سعودیە ئاشکرا دەکەن کە تۆمەتبارە بەوەی پەیوەندی بە هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەرەوە هەبووبێت.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز پارێزەران لە شاری نیویۆرک لە دادگا ڕایانگەیاندووە، ویڵیەم بار داواکاری گشتی کەیسەکە بریاری داوە نهێنی دەوڵەت بۆ خەڵک ئاشکرا نەکات و بەتەنها ناوی تۆمەتبارەکە بۆ پارێزەرانی کەیسەکە ئاشکرا دەکرێن.

دوو پارێزەری کەیسی هێرشەکانی ١١ی  سێپتەمبەر بە ناوەکانی دۆن میلگیۆری و شۆن کارتەر بە میدیاکانیان وتووە" سعودیەکان چیتر دەرفەتی هەڵهاتنیان نابێت و ئێمەش بە پەرۆشییەوە چاوەڕوانی ئاشکراکردنی ناوی ئەو کەسایەتیەی سعودیە دەکەین لە چەند هەفتە یان مانگی داهاتوودا".

کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکانی ١١ی  سێپتەمبەر لە ساڵی ٢٠٠٣دا سکاڵایان دژ بە حکومەتی سعودیە تۆمارکردووە بە تۆمەتی ئەوەی لە هێرشەکانەوە تێوەگلاوە، لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٢ی پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا (ئێف بی ئای) دا هاتووە، ئێف بی ئای لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی دوو بەرپرسی سعودی دەکات بەناوەکانی عومەر بەیومی و فەهد سومەیری سەبارەت بە ڕۆڵیان لەو هێرشانەی کە لە ئەمریکا ئەنجامدران و بەڵگەکانیش دەریدەخەن کە کەسی سێهەم کە کەسایەتییەکی سعودییە فەرمانی کردووە بە هاوکاریکردنی هێرشبەرانی رووداوەکە.

بەڵام ئێف بی ئای ماوەی چەند ساڵە ناوی ئەو کەسەی بە نهێنی هێشتووەتەوە، سەرباری فشارەکانی کەسوکاری قوربانیان بۆ ئاشکراکردنی ناوەکەی.

ساڵی ٢٠١٦ کۆنگرێسی ئەمریکا یاسایەکی پەسەندکرد کە ئاسانکاری دەکرد بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی حکومەتێکی بیانی بە تۆمەتی تێوەگلان لە تیرۆر.

سعودیەش لە ڕابردوودا چەندین جار ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە کە باسیان لێوەدەکرێت.