سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی ناوی بەشێک لە کاندیدانی رێکخەری گشتی گۆڕان و خانەی راپەڕاندن بڵاودەکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-09-11

15574 جار خوێندراوەتەوە

سبەینێ هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگر و سکرتێری جڤاتی گشتی گۆڕان  بەڕێوەدەچێت و دووکەسیش خۆیان بۆ رێکخەری گشتی کاندید کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزوتنەوەی گۆڕان بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، هەریەکە لە جەمال محەمەد، نەسرین جەمال، دڵخواز کاکە ڕەش و کوردە چاوشین خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی جڤاتی گشتی گۆڕان کاندید کردوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، عەدنان عوسمان هەڵسوڕای گۆڕان خۆی بۆ سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان کاندید کردوە و چەند کەسێکی تریش خۆیان بۆ خانەی راپەڕاندن کاندید کردوە.

سەبارەت بە کاندیدانی پۆستی رێکخەری گشتی گۆڕانیش سەرچاوەکە ئەوەی راگەیاند، کە عومەر سەید عەلی رێکخەری ئێستای گۆڕان و شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەراندن خۆیان بۆ پۆستی رێکخەر کاندید کردوە.

بەپێی بڕیاری جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بڕیارە ڕۆژی ١٤ ی ئەیلول هەڵبژاردن بۆ رێکخەر و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەناو جڤاتی نیشتیمانیدا بکرێت.

جڤاتی‌ گشتیی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان جڤاتێكی‌ راوێژكارییه‌ و پێكدێت له‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندام كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پسپۆڕێتی‌ و ئه‌زمونی‌ كاری‌ له‌مێژینه‌ی‌ سیاسی‌ ده‌ستنیشان كراون، كاری‌ ئه‌م جڤاته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ پرسه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌ و هه‌روه‌ها پێدانی‌ پێشنیار و راسپارده‌یه‌ به‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان کە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانی بزووتنەوەکەیە.