سەردێڕ:

بە ڤیدیۆ: پێشکەوتووترین فڕۆکەی جیهان دۆڵی داعش بۆردومان دەکات

لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە
فۆتۆ: 
2019-09-11

23974 جار خوێندراوەتەوە

هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی لە جەنگی دژبە ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش چەند گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە لە ئاسمانەوە وێرانکارییەکی دراماتیکی ڕێکخراوەکە پیشاندەدات لە دۆڵی 'ئالودەبوو بە داعش' دوای فرێدانەخوارەوەی چەند بۆمبێک بە کێشی دەیان هەزار تۆن.

هاوپەیمانێتییەکە ئاماژە بە دوورگەی کەنعوص کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ڕووباری دیجلەوە لە پارێزگای سەڵاحەدین لە باکوری بەغدای پایتەختی عێراق دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی هاوپەیمانێتییەکە، ئەو شوێنە بووەتە مۆڵگەی چەکدارانی ڕێکخراوەکە، لەم چالاکییەدا فڕۆکەی شەڕکەری ئەمریکی جۆری ئێف ٣٥ تیایدا بەشداربووە کە بە پێشکەوتووترین فڕۆکەی جیهان هەژماردەکرێت.

لە هەژماری فەرمی ماڵپەری تویتەردا هاوپەیمانێتییەکە گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە لەگەل کۆمێنتێکدا کە تییایدا نوسراوە " بەم شێوەیە دوورگەی ئالودە بوو بە داعش دەردەکەوێت دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف ١٥ و ئێف ٣٥، ٣٦ هەزار کیلۆگرام تەقەمەنییان خستەخوارەوە".

بەرپرسێکی سەربازی لەناو هاوپەیمانێتییەکەدا وتی، لە ڕێگەی ئەم چالاکییەوە توانیمان ڕێگری بکەین لە خۆحەشاردانی ئەندامانی گرووپەکە لەوناوچانە.

دەزگای ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر لە عێراق ڕۆژی سێشەممە ئەوەی بڵاوکردەوە، چالاکی " سوپای ڕەش" ی سەربازی بە هاوبەشی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پارێزگای سەڵاحەدین ئەنجامدرا بۆ ڕێگریکردن لە پاشماوەکانی داعش.

عێراق سەرکەوتنی بەسەر داعشدا لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا ڕاگەیاند و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش لە بەهاری ٢٠١٩ دا سەرکەوتنییان بەسەر گروپەکەدا لە سوریا ڕاگەیاند.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئابی ڕابردوو لە ڕاپۆتێکیدا ئەوەی خستەڕوو، ڕێکخراوی داعش نزیکەی ٣٠ هەزار چەکداری هەیە لەو دوو وڵاتەدا و داهاتی ڕێکخراوەکەش بە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار خەمڵێنرا.