سەردێڕ:

ئەمریكا عێراقی ئاگادارکردۆتەوە كە هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرابوو
فۆتۆ: 
2019-09-11

10024 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایگەیاند، ئەمریكا عێراقی ئاگادارکردۆتەوە كە هێرشەکانی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون.

عەبدولخالق عەزاوی ئەندامی لیژنەی ئاسایشی و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکراشی کردووە كاری لیژنەكانی لێكۆڵینەوە لەبارەی هۆكاری ئەو زنجیرە تەقینەوانەی كە بەم دواییانە لە چەند كۆگا و بارەگایەكی حەشدی شەعبی روویاندابوو، كۆتایی هاتووە.

ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایشی و بەرگریی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشكردووە بەپێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان، ژمارەی هێرشەكان، ١٢ هێرش بووە و لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە كە ئەو هێرشانە لە لایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە کراون.

عەبدولخالق عەزاوی باسی ئەوەشیکردووە، لایەنی ئەمریكی كە بەرپرسە لە پاراستن و چاودێرێكردنی ئاسمانی عێراق، بە عێراقی راگەیاندووە ئەو هێرشانە لە لایەن فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئیسرائیلەوە کراون.

ئەمەش لە کاتیكدایە لەماوەی رابردوودا لەلایەن چەندین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرش کرایە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق.