سەردێڕ:

ڕێگە بە ژمارەیەک موسڵمانی کەنەدا نەدرا بچنە ئەمریکا

فۆتۆ: 
2019-09-09

3405 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەک پارێزەر ڕایانگەیاندووە، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە موسڵمانانی کەنەدا لەسەر سنووری کەنەدا-ئەمریکا ڕێگەیان پێ نەدراوە بچنە ناو خاکی ئەمریکاوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی سی بی ئێسی کەنەدی، لە ماوەی دوو هەفتەدا شەش هاووڵاتیی موسڵمان ڕێگەیان لێ گیراوە لە کەنەداوە بچنە ناو خاکی ئەمریکاوە، یەکێک لەوانە بە ڕەچەڵەک خەڵکی گویانا و یەکێکی تریشیان بە ڕەچەڵەک عێراقی بووە، بەڵام خاوەنی پاسپۆرتی کەنەدی بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دوو وڵاتە لەناو ئەو حەوت وڵاتە زۆرینە موسڵمانەدا نەبوون کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە هاووڵاتییەکانی قەدەغەی چوونە سەر خاکی ئەمریکایان لێ کرابوو.

بەگوێرەی سی بی ئێس، ئەو دوو هاووڵاتییە پێیانوتراوە کە داوای ڤیزەی ئەمریکا بکەن لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە تۆرۆنتۆ و، کەناڵەکە ئەوەیشی بە پرۆسەیەکی نائاسایی ناوبردووە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە هەڵگری پاسپۆرتی کەنەدین.

بەشێک لە پارێزەرانی کەنەداش لەوبارەیەوە ڕایانگەیاندووە، پێدەچێت ژمارەیەکی زۆر لە کەنەدییەکان ڕووبەڕووی هەمان کێشە ببنەوە لەسەر سنوور.

جۆیل گوبەرمان پارێزەر وتوویەتی، "زیاتر لە ٤٠ ساڵە پارێزەرم و چیتر هیچ شتێک تووشی سەرسوڕمانم ناکات، بەڵام هەرگیز شتی وام نەبینیوە."

هاوکات وتەبێژێکی پاراستن و گومرگی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە، هیچ گۆڕانکارییەکی نوێ لە سیاسەتەکانیاندا ڕووینەداوە.