سەردێڕ:

تەندروستى جیهانى داوایکرد رێگریی له‌ خۆكوژی بخرێتە به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستیی وڵاتان

فۆتۆ: 
2019-09-09

791 جار خوێندراوەتەوە

رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی لە بانگەوازێکدا داواى لە وڵاتانى جیهان کرد، ستراتیجییەته‌ سه‌لمێنراوه‌كانی رێگریكردن له‌ هه‌وڵی خۆكوژی، بخه‌نه‌ ناو به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستییه‌وه، کە بەپێی ئامارەکانیان ساڵانه‌ ٨٠٠ هه‌زار كه‌س له جیهاندا كۆتایی به‌ ژیانی خۆیان دێنن.

رێکخراوەکە به‌بۆنه‌ی ١٠ی ئه‌یلوول کە وەک رۆژی جیهانیی خۆكوشتن دیاریکراوە ‌راپۆرتێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، دواى ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی ٢٠١٤دا بۆ یه‌كه‌مجار رێكخراوه‌كه‌ راپۆرتێكی له‌ژێر ناونیشانی "رێگریكردن له‌ خۆكوژی" بڵاوكردەوە، له‌میانی پێنج ساڵی رابردوودا، ژماره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی ستراتیجییەتی رێگریكردن له‌ خۆكوژییان به‌كارهێناوه‌ زیادیكردووه‌.

لە راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وە کراوە‌، به‌رزترین رێژه‌ی خۆكوشتن له‌و وڵاتانه‌دا تۆماركراون كه‌ داهاتیان به‌رزه‌ و خۆكوشتن له‌نێو چینی گه‌نجاندا به‌ دووه‌م هۆكاری مردن داده‌نرێت.

به‌پێی ئاماره‌كانی راپۆرته‌كه‌، سه‌رباری ته‌واوی هه‌وڵ و رێگرییه‌كان، ساڵانه‌ ٨٠٠ هه‌زار كه‌س له جیهاندا كۆتایی به‌ ژیانی خۆیان ده‌هێنن.

روونیشیکردووەتەوە، له ‌سه‌رتاسه‌ری جیهانیشدا رێژه‌ی ١٠,٥% لە هه‌ر ١٠٠ هه‌زار مردنێك له‌و وڵاتانه‌دا رووده‌ده‌ن كه‌ داهاتیان به‌رزه‌ و رێژه‌ی سه‌دا ١١.٥% لە هه‌ر ١٠٠ هه‌زار مردنێكیش له ‌ڕێگه‌ی خۆكوشتنه‌وه‌ رووده‌دات.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، خۆکوشتن بە دووه‌م هۆكاری مردن له‌نێو گه‌نجاندا دادەنرێت، له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ داهاتیان نزمە، رێژه‌ی خۆكوشتن له‌نێو ژنان و پیاواندا یه‌كسانه‌، له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ داهاتیان به‌رزه‌ رێژه‌ی خۆكوشتنی پیاو نزیكه‌ی سێ هێنده‌ی ژنانه‌.

هەر به‌پێی راپۆرته‌كه‌، له ‌دوای رووداوی هاتوچۆ، خۆكوشتن به‌ دووه‌م هۆكاری مردن داده‌نرێت له‌ چینی ته‌مه‌نه‌كانی ١٥ بۆ ٢٩ ساڵیدا، هەروەها خۆكوشتن له‌نێو كچانی ته‌مه‌ن ١٥ بۆ ١٩ ساڵیدا به‌ دووه‌م هۆكاری مردن داده‌نرێت و له ‌هه‌مان ته‌مه‌ندا بۆ كوڕان، خۆكوشتن ل ه‌دوای رووداوی هاتوچۆ و توندوتیژی به‌ سێیه‌مین هۆكاری مردن داده‌نرێت.