سەردێڕ:

لوبنان.. حیزبوڵا فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی خستەخوارەوە

فرۆکەیەکی دیکەش لەئاستی نزیک زەویدا تەقیوەتەوە
فۆتۆ: 
2019-09-09

2155 جار خوێندراوەتەوە

تۆڕی میدیایی "المنار" ی سەر بە حیزبوڵای لوبنانی هەواڵی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فرۆکەوانی ئیسرائیلی لە نزیک سنوری نێوان لوبنان و ئیسرائیل بڵاوکردەوە.

ئەو میدیایە بڵاوکردووەتەوە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە کاتێک خراوەتەخوارەوە کە لە باشوورەوە هاتووەتە خاکی لوبنانەوە و ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانیدایە، ئاماژەی بەوەشکرد فڕۆکەکە بە ئاڕاستەی شاری ڕامیەی لوبنان دەڕۆشت.

تا ئیستا دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل هیچ جۆرە ڕوونکردنەوەیەکیان  سەبارەت بەم هەواڵەی حیزبوڵا نەبووە.

مانگی ڕابردوو حیزبوڵا ئەوەی ڕاگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیل لە نزیک بەیروتی پایتەختی لوبنان کەوتۆتە خوارەوە و فرۆکەیەکی دیکەش لەئاستی نزیک زەویدا تەقیوەتەوە.

لە ٦ ی مانگی ئابدا، هێزەکانی لوبنان تەقەیان لە دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی کرد کە هاتبوونە ناو سنوری ئاسمانی وڵاتی لوبنانەوە و حکومەتی ئیسرائیلیش ئەم هەواڵەی پشتڕاستکردەوە.

 سوپای لوبنان ئەوەیان خستەڕوو کە هێرشیان کردۆتە سەر سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیل کە سنوری وڵاتەکەی بەزاندووە و هەرسێکیان بەرەو ئاسمانی ئیسرائیل گەڕاونەتەوە. فڕۆکەکان و فرۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل چەندین جار ئاسمانی لوبنانیان بەزاندووە بەڵام پێشتر هێزەکانی سوپای لوبنان زۆر بەکەمی کاردانەوەیان هەبووە.

اسرائیل و لبنان