سەردێڕ:

تونس بەرەو سێیەم هەڵبژاردنی ئازاد دەڕوات

بارەگای پەرلەمانی تونس
فۆتۆ: 
2019-09-08

1145 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ١٥ی ئەم مانگە تونس سێیەم هەڵبژاردنی ئازاد بەخۆیەوە ببینێت لە دوای گۆڕینی سیستمی سیاسی لەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١١دا.

٢٦ کاندید خۆیان بەربژێرکردووە تاوەکو کێبڕکێ بکەن بۆ گەیشتن بە کورسیی سەرۆکایەتی و ڕۆژبەڕۆژیش بانگەشەکان توندتر دەبن.

ئەوەی ئەم جارە بووەتە جێی سەرج لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تونس سازدانی دیبەیت و گفتوگۆی کراوە و ڕاستەوخۆیە لە نێوان کاندیدەکاندا و پەخشکردنی لە میدیاکانی ئەو وڵاتەوە.

بەهۆی زۆریی ژمارەیانەوە کاندیدەکان دابەشکراون بەسەر سێ گروپدا، کە دوانیان لە نۆ کاندید پێکهاتوون و دانەیەکیشیان هەشت کاندید لەخۆدەگرێت.

دیبەیتە تەلەڤزیۆنییەکە لەژێر ناونیشانی "بەرەو قەرتاج" بەڕێوەدەچێت و وا بڕیارە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و ڕۆژانە ٢ کاتژمێر و نیو ڕاستەوخۆ کاندیدەکان لە میدیاکانەوە بەرنامە و ئەجێندای خۆیان پێشکەش بکەن و وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە.

یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتیی کە پێشبینیی دەکرێت دەنگێکی بەرچاو بەدەستبهێنێت، بازرگانێکە بە ناوی نەبیل قەرەوی و ئێستا بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و خۆدزینەوە لە باج لە زینداندایە.

هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی تونس لەکاتێکدایە کە سەرۆکی پێشوو قاید سبسی ڕۆژی ٢٥ی تەموزی ڕابردوو لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و، بەپێی دەستوری وڵاتیش دەبێت تا ٩٠ ڕۆژ لە مانەوەی پۆستی سەرۆکایەتی بە بەتاڵیی بە هەر هۆکارێک بێت، هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

چاودێرانی سیاسییش لە نزیکەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی تونس دەڕوانن هەندێک لە چاودێرانیش پێیان وایە دوای مردنی سبسی ئەگەری ئەوە هەیە دیموکراسی لە وڵات جارێکی تر پاشەکشە بکات هاوشێوەی زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە بەهاری عەرەبیی تێیاندا ڕوویدا دۆخی سیاسیی و ئەمنیی وڵات بەرەو داهاتوویەکی نادیار بڕوات.

لە ئێستادا کە تەنها هەفتەیەکی ماوە بۆ ڕۆژی دەنگدان و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ. شەقامەکان بوونەتە جێی بانگەشە و بڵاوکردنەوەی پۆستەر و کۆبوونەوەی کاندیدەکان و، گەنجەکان بە جۆش و خرۆشێکی زیاتر لەوانەی کە بەساڵاچوون ئاهەنگ دەگێڕن تاوەکو سەرۆکێکی نوێ بۆ وڵات دیاری بکەن بە ئامانجی باشتربوونی باری ئابووری و دۆزینەوەی هەلی کار و گۆڕانکاری لە دۆخی ئابوورییاندا بەو پێیەی سەرجەم کاندیدەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بە هەموو توانایانەوە لەکاتی بردنەوەی هەڵبژاردن کاربکەن بۆ باشترکردنی باری ئابووریی گەنجان.