سەردێڕ:

وەزیری کار و گوزەرانی بەریتانیا دەستی لەکارکێشایەوە

فۆتۆ: 
2019-09-08

2106 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کار و گوزەرانی بەریتانیا رایگەیاند، دەستی لە پۆستە حکومی و حزبییەکەشی کێشاوەتەوە، کە ئەندامی پارتی پارێزگارانە، هۆکارەکەشی بۆ ناڕەزایی دەربڕین گێڕاوەتەوە لە بەرامبەر دوورخستنەوەی ٢١ پەرلەمانتاری پارتی پارێزگاران لە پۆستەکانیان.

ئامبەر رود وەزیری کار و گوزەرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کردووە، چیتر بڕوای بەوە نییە کە چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بە ڕێکەوتن، کاری لەپێشینەی حکومەتی بەریتانیا بێت.

لە لایەکی ترەوە، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا نیگەرانیی خۆی لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی رود دەربڕی و بە وەزیرێکی بەهرەمەند ناویبردووە.

هاوکات سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەت بە ماڵپەڕی بی بی سیی بەریتانی وتووە، دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسانی حکومی بە تەنها بۆ ڕاکێشانی سەرنجی میدیاکانە و ئەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە خەڵكی بەریتانیا دەیانەوێت برێگزت جێبەجێ بکرێت، بۆئەوەی حکومەت کاروباری ناوخۆیی وڵات بکاتە کاری لەپێشینەی خۆی.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو ٢١ ئەندام پەرلەمانی سەربە پارتی پارێزگاران لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە، ئەوەش بەهۆی دەنگدانیان لەناو پەرلەماندا دژی بڕیارێکی سەرۆک وەزیران.