سەردێڕ:

زریانی دۆریان گەیشتە کەنەدا

فۆتۆ: 
2019-09-08

5201 جار خوێندراوەتەوە

زریانی دۆریان گەیشتنە ڕۆژهەڵاتی کەنەدا، و زیانێکی زۆری بەناوچەکە گەیاند.

ئەم زریانە بەهێزە ڕۆژی شەمە بە خێرایی ١٦٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا گەیشتە هالیفێکس و بووە هۆی پچڕانی هێڵی کارەبا لەزیاتر لە ٤٥٠ هەزار ماڵ و هەروەها شکاندنی دار ودرەختەکان.

وەزارەتی بەرگری کەنەدا ئەوەی بڵاوکردەوە، هێزەکانیان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ هاوکاریکردنی هاوڵاتیان.

بەوتەی بەرپرسانی فەرمی کەنەدا تاکو دوێنێ ڕێژەی بارانبارین لە نەڤا سکۆشیا گەیشتۆتە زیاتر لە ١٠٠ میلیمەتر و چاوەڕاندەکرێت ڕۆژی یەکشەمە ئەو ڕێژەیە زیاد بکات، هەروەها ئەگەری ڕۆشتنی زریانەکە بەرەو نیوفنلاند و ڕۆژهەڵاتی لابرادۆر لە کەنەدا هەیە.

لەهەمانکاتدا هۆشداری دراوە بە هەموو دانیشتوانی ناوچە کەنارییەکان بە چۆڵکردنی شوێنەکانیان، جەستن ترودۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەداش ڕایگەیاندووە بەبەردەوامی چاودێری دۆخەکە دەکات.

لەڕۆژانی ڕابردوودا ئەم زریانە بەهێزە دوورگەی بەهاماسی کاریبی گرتەوە و تاکو ئەمڕۆ ٤٣ کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەم ئامارەش ئەگەری بەرزبوونەوەی هەیە، چونکە بەرپرسانی ناوچەکە لەوبڕوایەدان هێشتا تەرمی چەندین کەس لە ژێر دار و پەردووەکاندا ماونەتەوە، لە ئێستادا زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس لەو دووگەیە پێویستیان بە یارمەتییە.

 دوابەدوای دوورگەی باهاماس ئەم زریانە بەرەو کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا جوڵەی کرد و گەیشتە کەنەدا.