سەردێڕ:

ترەمپ گفتوگۆی لەگەڵ تاڵیبان هەڵوەشاندەوە

پەیوەندییەکانى ئەمریکا و تاڵیبان
فۆتۆ: 
2019-09-08

4722 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، دیدار لەگەڵ سەرکردەکانی تاڵیبان و سەرۆکی ئەفغانستان لە کەمب دیڤد هەڵوەشاندووەتەوە.

دۆناڵد ترامپ، لە چەند تویتێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر ئاماژەى بەوەکردووە، بڕیار بوو  ئەمڕۆ یەکشەمە ٨ ی ئەیلولی ٢٠١٩، لەگەڵ سەرکردەکانی تاڵیبان لە کەمب دیڤد کۆببێتەوە، بەڵام بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆبوونەوەیەی داوە، بڕیاری ڕاگرتنی گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و تاڵیبانیشی دەرکرد بەهۆی بەرپرسیارێتی  بزووتنەوەی تاڵیبان لە ڕووداوی تەقینەوەکەی کابوڵدا کە بووە هۆی کوژرانی ١٢ کەس و لە ناویاندا یەک سەربازی ئەمریکی.

سدیق سەدیقی، وتەبێژی سەرۆکی ئەفغانستان، دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەکرد، دەوڵەتی ئەفغانستان هەڵوێستی خۆی دەربارەی کۆتا پێشکەوتنەکانی پرۆژەی ئاشتی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان بەم زووانە ڕادەگەیەنێت.

سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی تاڵیبانیش لە قەتەر بۆ ئاژاسی بی بی سی رایگەیاندووە، بڕیارە ئەمڕۆ نوێنەرانی بزووتنەوەکە کۆبونەوەیەکی بەپەلە و ناخۆیی ڕێکبخەن و لێکۆڵینەوە دەربارەی بڕیارەکەی ئەمریکا بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە زاڵمای خەلیلزاد، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیبان، ڕۆژی دووشەمەی ڕابردوو ئاشکرایکردبوو، کە ڕێککەوتن لەگەڵ تاڵیبان لە قۆناغی کۆتاییدایە و تەنها  پێویستی بە پاڵپشتی دۆنالد ترەمپە.

بەشێکی ڕێککەوتنەکە تایبەتە بە چوونەدەرەوەی پێنج هە زار و سەربازی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ماوەی ٢٠ هەفتەدا، ئەمریکا لە ئێستادا نزیکەی ١٢ هەزار سەربازی لەو وڵاتەدا هەیە.

ئەو هێرشەی کە دۆناڵد ترەپی لە بڕیارەکە پەشیمانکردووەتەوە، ڕۆژی پێنجشەمەی ڕابردوو لە کابولى پایتەختی ئەفغانستان روویدا کە تیایدا ئۆتۆمبێلێکی بۆمڕێژکراو تەقییەوە و ١٢ کەس کوژران کە یەکێکیان سەربازێکى ئەمریکى بوو.